کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
عێراق.. %77ى ژنان گێچه‌ڵى سێكسييان پێده‌كرێت
راپرسييه‌كى نوێ كه مونته‌داى راگهياندنكارانى عێراق ئاماده‌ى كردووه، ده‌ريخستووه له سه‌دا 77ى ژنانى عێراق گێچه‌ڵى سێكسييان پێكراوه.
K24 – هه‌ولێر
راپرسييه‌كى نوێ كه مونته‌داى راگهياندنكارانى عێراق ئاماده‌ى كردووه، ده‌ريخستووه له سه‌دا 77ى ژنانى عێراق گێچه‌ڵى سێكسييان پێكراوه.
نبراس مه‌عموورى، سه‌رۆكى مونته‌داكه، له يه‌كه‌م كۆنگره‌ى تايبه‌ت به ديارده‌ى گێچه‌ڵى سێكسى له كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقييدا ره‌خنه‌ى له ناوه‌نده په‌يوه‌نديداره‌كان گرت، كه له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى وه‌ك پێويست كاريان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه نه‌كردووه.
مه‌عموورى گوتى: "300 فۆرم به شێوه‌يه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى له چه‌ند ناوچه‌يه‌كى به‌غدا و ده‌وروبه‌رى دابه‌شكراوون و ده‌ركه‌وتووه، %91ى ژنان ده‌ڵێن، به هۆى داب‌و نهريتهوه ناتوانن باس له حاڵه‌ته‌كانى گێچه‌ڵى سێكسيى بكه‌ن، كه رۆژانه پێيان كراوه".
هه‌روه‌ها %98 پێيان باشه ياسايهكى تايبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ديارده‌ى گێچه‌ڵى سێكسى ده‌ربكرێت.
له %79ى بهشداربووانيش رايانگه‌ياندووه، ئه‌وان له‌سه‌ر كاره‌كانيان به‌رده‌وامن سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى گێچه‌ڵى سێكسييان پێده‌كرێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى موچهكهيان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، ناتوانن ده‌ستبه‌ردارى كارهكهيان ببن.
له %35ى به‌شداربووان، ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ى "ئابڕوويان" نه‌چێت، ئه‌گه‌ر گێچهڵيشيان پێكرا، ئه‌وان په‌رده‌پۆشى ده‌كه‌ن.
له % 26ى به‌شداربووان، ده‌نگيان بۆ ئه‌وه داوه، كه كۆمه‌ڵگه نايه‌وێت پشتيوانى ژنان بكات.
له %22ش بڕوايان وايه كه تاوانباران رووبه‌ڕووى سزا ناكرێنه‌وه.
له %77ى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه، %57يان ده‌ڵێن به شێوه‌ى زاره‌كى گێچهڵيان پێكراوه. %20 په‌لامار دراوون و ده‌ستدرێژى سێكسييان كراوه‌ته سه‌ر. %5 له ناو ماڵى خۆيان گێچهڵييان پێكراوه. %7 له رێگه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانه‌وه گێچهڵيان پێكراوه.
به‌رزترين رێژه‌ى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه له ته‌مه‌نى 31 تا 40 ساڵدان و زۆرينه‌يان فه‌رمانبه‌ر و خوێندكار بوونه.
%55ى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه، له سه‌ر شه‌قام و ناو بازار گێچهڵييان پێكراوه.
له %12ى ئه‌وانه‌ى گێچهڵييان پێكراوه، له رووى جه‌سته‌ييه‌وه ئه‌شكه‌نجه و ئازار دراوون.
%22ى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه، له موچه‌يان بڕاوه، ياخود ده‌رفه‌تى كارهكهيان له‌ده‌ستداوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئاماده نه‌بوونه وه‌ڵامى ئه‌رێنى حه‌ز و ويستى به‌رپرسى كاره‌كانيان بده‌نه‌وه.
%33 ى ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه ته‌مه‌نييان له نێوان 21 تا 30 ساڵدايه.
%36ى ئه‌وانه‌ى گێچهڵيان پێكراوه ته‌مه‌نيان له نێوان 31 تا 40 ساڵدايه.
%40ى ئه‌و پياوانه‌ى گێچهڵيان به ژنان كردووه ته‌مه‌نيان له نێوان 18 تا 30 ساڵدايه.
به دواى ئه‌وانيشدا ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نييان له نێوان 31 تا 40 ساڵدايه به رێژه‌ى %39 گێچهڵيان به ژنان كردووه.
%58ى ئه‌وانه‌ى گێچهڵيان پێكراوه جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه تووشى گرفتى ده‌روونى بوونه. %60 بڕوايان وايه جياكردنهوهى كچ و كوڕ له خوێندن هۆكارێكى ئه‌و دياردهيهيه. %70 بڕوايان وايه ره‌وشى ئابوورى و هه‌ژارى و نه‌بوونى تواناى هاوسه‌رگيرى واى له گه‌نجان كردووه په‌نا بۆ گێچه‌ڵى سێكسى به‌رن.
%81ى به‌شداربووان هاوڕان له‌گه‌ڵ گۆڕينى پڕۆگرامه‌كانى خوێندن بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ گێچه‌ڵكردن دابنرێت. %69 بڕوايان وايه جياكارى ره‌گه‌زى له فهرمانگهكانى ده‌وڵه‌تدا هۆكارێكه بۆ ئه‌و ديارده‌يه.
هه‌روه‌ها %48ى بهشداربووانيش رايانگه‌ياندووه، له لايه‌ن خاوهنكارهكانييانهوه رووبه‌ڕووى فشار بوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى حه‌ز و ويستى خاوهنكارهكانيان دابينبكه‌ن.
%78 بڕوايان وايه ره‌وشى ئه‌منى و هه‌بوونى نائارامى هۆى سه‌ره‌كى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و دياردهيهيه.
له كۆتايى كۆنگره‌كه‌دا، به‌شداران ژماره‌يه‌ك راسپاردهيان ئاماده كرد و بوشرا ئهلعوبێدى ناوه‌ڕۆكى راسپارده‌كانى خوێنده‌وه.
له راسپارده‌كاندا داوا كرابوو، ياساى سزادانى عێراقى ژماره 111ى ساڵى 1969 هه‌موار بكرێته‌وه و گێچه‌ڵى سێكسيش به تاوانێكى قورس هه‌ژمار بكرێت و سزايه‌كى توندى بۆ دابنرێت.