سه‌دان په‌نابه‌ر له‌ هه‌نگاريا گيريان خواردووه‌

رۆژانە سەدان كۆچبەر لە كاتی بەرەبەیاندا بۆ ناو خاكی ھەنگاریا دەپەڕنەوە، درێژی و سەختی رێگه‌كان خێزانەكان یەكجار ماندوو دەكەن.

سه‌دان په‌نابه‌ر له‌ هه‌نگاريا گيريان خواردووه‌
سه‌دان په‌نابه‌ر له‌ هه‌نگاريا گيريان خواردووه‌

K24 – ھەولێر

رۆژانە سەدان كۆچبەر لە كاتی بەرەبەیاندا بۆ ناو خاكی ھەنگاریا دەپەڕنەوە، درێژی و سەختی رێگه‌كان خێزانەكان یەكجار ماندوو دەكەن. ئەوكاتەی لە سنووریش دەپەڕنەوە دەبێت چەند رۆژێك چاوەڕوانی ھەنگاریا بكەن تا بۆ كەمپەكانی دیكەی پێشوازی دەیانگوازێتەوە.  

نزمبوونەوەی گەرمی بۆ 8 پلەی سیلیزی لە شەودا، دۆخێكی زۆر خراپ بۆ ئەو كۆچبەرانەی بەمنداڵەوە لە سربیاوە دەچنە ناو سنووری ھەنگاریاوە، دروست دەكات، چونكە سەرەڕای ماندووبوون و شەكەتی رێگا، زۆربەی ئەو خێزانانە جلوبەرگێكی ئەوتۆیان لەبەر نییە بەرگەی ئەو سەرمایە بگرن.

"عەلی" كە كۆچبەرێكی كوردی رۆژھەڵاتە، نەھامەتی رێگای بەم شێوەیە باس كرد: "شەو زۆر ساردە، ھیچم لێرە نییە تەنیا یەك تا دوو بەتانی نەبێت، كچە بچووكەكەم تەمەن پێج ساڵە، ئێستە نەخۆشە، من چیم لەدەست دێت بیكەم؟"

پەنابەران لەگەڵ بەرەبەیاندا لە كەمپی رۆزكی لەسەر سنووری ھەنگاریا چاوەڕوانی وڵاتەكە دەكەن بۆ كەمپەكانی ديكه‌ بیانگوازنەوە، بەڵام كەمپەكان پێشوەختە پڕن لەپەنابەر و پاسی گواستنەوەكانیش ژمارەیان كەمن.

"عەبدوڵا" كە سووریای بە جێھێشت، پێشبینی ئەو ھەموو نەھامەتییەی لە رێگەدا نەدەكرد: "ئەوان گوتیان یەك دوو رۆژ چاوەڕوان دەبین، بەڵام بۆچی ئەو ماوەیە چاوەڕوان بین؟ لەبەرچی ئێمە لێرەین؟"

دوێنێ دووشەمە، نێزیكەی 500 پەنابەر لە كەمپی "رۆزكی" ھەوڵی شكاندنی بەربەستەكانی پۆلیسیان دا بەرەو بودابیستی پایتەختی ھەنگاریا و پۆلیسیش بۆ گەڕاندنەوەیان رێگریان لێ دەكردن.

ھەندێك لە پانەبەران ماوەی 7 رۆژە لەو كەمپەدا گیریان خواردووە، بەڵام حاڵ و پەرێشانی و دۆخی خراپی تەندروستی، داوایان لێ دەكات زووتر بۆ ئاوەدانی بچن.