هه‌ڵمه‌تى گرتنه‌وه‌ى مووسڵ نزيكه‌

سەربازی رۆژ دوای رۆژ ھێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنترۆلكردنەوەی شاری مووسل نزیك دەبنەوە

هه‌ڵمه‌تى گرتنه‌وه‌ى مووسڵ نزيكه‌
هه‌ڵمه‌تى گرتنه‌وه‌ى مووسڵ نزيكه‌

K24 – ھەولێر

بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی رۆژ دوای رۆژ ھێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنترۆلكردنەوەی شاری مووسل نزیك دەبنەوە و لە چاوەروانی خولەكی سفرن تا ھێرش بكەنە سەر شارەكەو لە ژێر ده‌سه‌ڵاتى چه‌كدارانى ريكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) رزگار بكەن.

بەجۆرێك لە دواین لێدوانیدا لە بارەی كۆنترۆلكردنەوە شاری مووسل نێردەی باراك ئۆباما سەرۆكی ئه‌مه‌ريكا بۆ ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەلەتی "جۆن ئالن" ده‌ڵێت: "رزگاركردنی‌ مووسڵ مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌و خه‌مڵاندنه‌دا زۆر به‌ئاگابم، ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌كرێت له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی‌ سه‌ربازیی‌ عیراقه‌وه‌ وه‌ڵامبدرێته‌وه‌".

ره‌تیشى كرده‌وه‌ كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ داعش بێت، چونكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌، حكوومه‌ته‌ لاوازه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج.

دەشلێت: "تا دێت حكوومه‌تی‌ عیراق ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ پته‌وتر ده‌كات، ئەمەش بەلایەنێكی پۆزەتیڤی پرۆسەكە داده‌نرێت.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە میانه‌ی بەشداری كردنی لە پرۆگرامێكی كەنالی CNN)) ئه‌مه‌ريكى لە مانگی مایسی ئەمسالدا گوتى: "رزگارکردنی مووسڵ زۆر گرنگە بەڵام دەبێت ستراتیژێکی تۆکمەی بۆ ئامادە بکرێت، تا داعش لە مووسڵ بێت، هەڕەشەیە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان".

بارزانی ئاماژه‌ى به‌وه‌شدابوو: "هه‌ڵمه‌ته‌ سەربازیە دیراسەیەکی زۆر قوڵی دەوێت کە وردەکارییەکی چۆنيه‌تى رزگارکردنی مووسڵ لێکبداتەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەرشانی خەڵکی مووسڵ خۆی و پاشان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەش پاڵپشتییان دەکەن".

تا ئێسته‌ ھیچ بەرپرسێكی سیاسی و سەربازی بە دیاری كراوی رۆژی دەستپێكردنی كۆنترۆلكردنەوەی شاری موسل بە دیاری كراوی ئاشكرا نەكردووە ته‌نيا ئەوە نەبێیت، ئاماژە بە نزیك بوونەوەی ئەو هه‌ڵمه‌ته‌ سەربازیە دەكەن بۆ سەر شارەكە.

رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش)، رێكخراوێكى سه‌له‌فى جيهادييه‌، باوه‌ڕى به‌ ته‌كفيركردنى كۆمه‌ڵگه‌ هه‌يه‌، له‌ ئاكامى "شه‌ڕى چه‌كدارى" له‌ سووريا ده‌ركه‌وتن، له‌ حوزه‌يرانى ساڵى 2014 په‌ڕينه‌وه‌ عێراق و هێشرشيان كرده‌ سه‌ر پارێزگا موسڵ، دواى كشانه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كان عێراق، ئه‌و پارێزگه‌يه‌يان داگيركرد و چه‌ندان جۆر چالاكى كوشتن و بڕينى ده‌رهه‌ق به‌ دانيشتوانى ئه‌و شاره‌ ئه‌نجامدا، به‌وهۆيه‌وه‌ زياتر له‌ 3 مليۆن كه‌س ئاواره‌ ناوچه‌كانى ديكه‌ى عێراق بوون به‌تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ئێسته‌دا هه‌ڵمه‌تى رزگاركردنی‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌نبار و خۆرئاوای‌ كه‌ركوك ده‌ستی پێ كردووه‌، بە جۆرێك ته‌نيا دوێنێ ھێزەكانی پێشمەرگە نزیك لە 200 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە رۆژئاوای كەركووك لە چەكدارانی ئه‌و ريكخراوه‌ى پاككردووه‌ته‌وه‌.