کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
ئێران مۆڵهتی كۆنسێرت نادات به هونهرمهندان
هەڵوەشانەوەی مۆلەتی کۆنسێرت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ماوەیەکە رووی لە زیادبوون کردووە و لەم هەفتەیەشدا
K24- ههولێر
هەڵوەشانەوەی مۆلەتی کۆنسێرت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ماوەیەکە رووی لە زیادبوون کردووە و لەم هەفتەیەشدا دوو هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو گەورەشاری تاران و تەورێز مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتیان پێ نەدرا.
ئەگەرچی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە پێی یاسا، پێدانی مۆڵەتی کۆنسێرتی مۆسیقا و گۆرانی، لە دەسەڵاتی ئیدارەکانی سەر بە وەزارەتی فەرهەنگدایە، بەڵام هێزە نیزامی و ئەمنییەکان هەر جارە و بە بیانوویەک رێگا لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی هونەرمەندان دەگرن.
ئەمجارەیان قوڕعە بە ناوی هونەرمەندانی کوردەوە دەرچووە و لەم حەفتەیە دا شەهرام نازری و عەلی ئەکبەر مرادی، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لە شارەکانی تاران و تەورێز، مۆڵەتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتیان پێ نەدرا.
بڕیار وابوو پێنجشەممەی داهاتوو، شەهرام نازری، لەگەڵ گرووپی بەناوبانگی مەولەوی، لە تەلاری "سەدرا"ی شاری تەورێز کۆنسێرتێک بەڕێوە ببات. ئەم کۆنسێرتە کە بە بۆنەی رۆژی شیعر و ئەدەبی فارسی و بۆ رێز لێنان لە "شەهریار"، شاعیری بەناوبانگی تەورێزی، بەڕێوەدەچوو، سەرەڕای مانگێک هەوڵ بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بە هۆی دژایەتیی بەرپرسانی ئەمنیی ئەم شارە، سەرئەنجام رێگەی پی نەدرا و هەڵوەشایەوە.
بەڵام کێشەی نازری لە شاری تەورێز، لە فەرهەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران بەرۆکی هونەرمەندێکی دیکەی کوردی گرتووە. بەرپرسانی ئەم فەرهەنگسەرایە دەڵێن چەندین جار سەردانی بەشی ئەماکینی هێزی ئینتیزامیان کردووە بەڵام رێگا بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی عەلی ئەکبەری مرادی نادەن.
رەنگە بۆ شەهرام نازری و عەلی ئەکبەر مرادی، بەڕیوەبردنی کۆنسێرت لە وڵاتانی دیکە ئاسانتر لە ئێران بێت. چونکە ناو وناوبانگی ئەوان دەمێکە سنوورەکانی بڕیوە و جیهانی بووەتەوە و لە زۆربەی وڵاتان بە تامەزرۆییەوە گوێ لە مۆسیقای ئەوان دەگرن.
بەڵام وەک نازری دەڵێ: دیار نییە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران چ کیشەیەکیان لەگەڵ مۆسیقای ئەوان هەیە.