پاپاى فاتيكان بووه‌ته‌ هيواى خه‌ڵكى كوبا

به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى گرژى و ئاڵۆزييه‌كانى نێوان وڵاتانى كوبا و ئه‌مه‌ريكا، پاپاى فاتيكان، گه‌يشته‌ كوبا و وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا خۆى له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ حكوومه‌تى كوبا نه‌پاراست.

پاپاى فاتيكان بووه‌ته‌ هيواى خه‌ڵكى كوبا
پاپاى فاتيكان بووه‌ته‌ هيواى خه‌ڵكى كوبا

K24 – ھەولێر

به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى گرژى و ئاڵۆزييه‌كانى نێوان وڵاتانى كوبا و ئه‌مه‌ريكا، پاپاى فاتيكان، گه‌يشته‌ كوبا و وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا خۆى له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ حكوومه‌تى كوبا نه‌پاراست.

دوێنى شه‌ممه‌ (19.9.2015) پاپا فره‌نسيس كارديناڵ، گه‌يشته‌ وڵاتى كوبا و له‌ لێدوانێكدا يه‌كه‌م بابەت كه‌ پەنجەی خستە سەر په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ريكا و كوبا و گوتى: "من ھەموو سەركردە سیاسییەكان ھان دەدەم، بەردەوام بن لەسەر ئەم رێگەیە و ھەموو ھەوڵێك بدەن، وەك بەڵگەیەك بۆ ئەو ئەركە گەورەیەی پێتان سپێردراوە لەپێناو ئاشتی و تەندروستی خەڵكەكەتان و ھەموو ئه‌مه‌ريكا، ببنە نموونە بۆ سازش لە ھەموو جیھان."

ئێستا په‌يوه‌ندييه‌ دیپلۆماسییەكانی نێوان ئه‌مه‌ريكا و كوبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام گەماڕۆ ئابوورییەكانی ئه‌مه‌ريكا لەسەر كوبا ھێشتا ھەڵنەگیراون، ئەو گەمارۆیانە لە ماوەی 53 ساڵ كوباییەكی ھەژاریان بەرھەم ھێناوە.

رائۆل كاسترۆی سەرۆكی كوبا ھیوادارە پاپا بە ئاشكرا پەنجە بخاتە سەر ئەو گەمارۆیانە و گرتنی بنكەی دەریای گوانتانامۆ لەلایان ئه‌مه‌ريكاوە.

ھەفتەی رابردوو حكوومەتی كوبا بۆ بەخێرھێنانی پاپا زياتر لە 3500 زیندانی ئازاد كرد، بەڵام ئەمە پاپای لە رەخنەگرتن و داواكاری مافی زیاتری خەڵك نەوەستاند.

زۆر شرۆڤەكار پاپا فڕەنسیس بە فريشته‌يه‌ك بۆ بنیاتنانەوەی په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ريكا و كوبا ده‌بینن.

رەنگە سەردانی پاپا بۆ واشنتۆنیش پاش گەشتە سێ رۆژییەكەی بۆ كوبا لەو چوارچێوەیەدا بێت.

پاپا فرانسیس کاردینال ، لەدایک بووی ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٦ لە بوێنس ئایریسی پایتەختی ئه‌رجەنتینه‌، کەسایەتی کریستیانی ئەمه‌ریکای لاتینییە و یەکەمین کەسی ئەمه‌ریکای لاتینییە لە مێژووی فاتیکان دا بە رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان ھەڵبژێردرێ.

فرانسیس لە رۆژی ١٣ی ئازاری ٢٠١٣ بە پاپا ی فاتیکان هەڵبژێردرا و جێگەی پاپا بندیكتۆسی‌ شانزه‌یه‌می گرتەوە کە ناوبراو لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٣ دەستی لەکارکێشابۆوه‌.