کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
له شه‌و رۆژێكدا 12 هه‌زار په‌نابه‌ر گه‌يشتوونه‌ته نه‌مسا
لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 12 ھەزار په‌نابه‌ر گەیشتوونەتە وڵاتی نەمسا و رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش لەو وڵاتە رایگەیاندووە كە بە ھۆی ھاتنی وەرزی زستانەوە بارودۆخی ژیانی په‌نابه‌ران لە مەترسیدایە و ئەوان لای خۆیانەوە ھەوڵ دەدەن دەرمان و پێداویستی سەرەتەییان بۆ دابین بكەن.
K24 – ھەولێر
ئه‌و په‌نابه‌رانه تا لە ناوچەی جەنگ دوورتربن، لە وەرزی زستان و سەرماوسۆڵەی وڵاتانی ئەوروپا نزیك تر دەبنەوە، لەو وەرزی سەرمایەدا و ته‌نيا لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 12 ھەزار كەس گەیشتوونەتە نەمسا، لە نێویاندا منداڵ و پیر و كەمئەندام ھەن، تەنانەت كەسانێك كە رابردووی پەنجا سەڵەیان بە جێ ھێشتووە.
جەمال حەسەن، يه‌كێكه له‌و په‌نابه‌رانه‌ى گه‌يشتووه‌ته نه‌مسا و ده‌ڵێت: "من پیاوێكی پیرم، پێویستم بە خەوە، پێویستم بەوەیە 8 كاتژمێر بخه‌وم و نان بخۆم، تەمەنم 57 ساڵە، پێشتر بۆ ماوەیەكی زۆر لە سووریا كارم كردووە، خانوو و ئۆتۆمبێل و پارەم ھەبوو، دوای ئەوەی ئه‌و نه‌هامه‌تييه‌ى كه بەسەر سووریادا ھات، ئێسته ھیچم نییە نە ماڵ و نە پارە، لە بەر ئەوە ھاتوومەتە ئێرە".
په‌نابه‌ران بە سەدان خەونی جیاوازەوە روو دەكەنە ئەوروپا، بەڵام رێكخراوی خاچی سووری نەمسا، گومانی ھەیە لەوەی بتوانن برینی ئازارەكانی ئەو ھەموو په‌نابه‌ره ساڕ‌ێژ بكەن بە تایبەت لە گەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا و لە كاتێكدا كە دیار نییە ئەو شەپۆلی كۆچی بە كۆمەڵە كەی دەبڕێتەوە.
تۆماس واگنەر، گوتەبێژی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە نەمسا، ده‌ڵێت: "ئەمە كارێكی ئه‌سته‌مه لەبەرئەوەی نازانین ئەو بەرودۆخە چەند دەخایەنێت، بەڵام بێگومان ئێمە ئامادەكاری خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی دا‌و و دەرمان بۆ ئەو په‌نابه‌رانه دابین بكەین و شوێنی شیاو و گەرم بۆ وه‌رزى زستان تەرخان دەكەین".
پۆلیسی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتی نەمسا ئاشكرای كردووە، گەیشتنی رێژەیەكی زۆری پەنابەر لە ماوەی ته‌نيا شه‌و رۆژێكدا بۆ وڵاتەكەیان تۆمارێكى كەم وێنەیە، بە جۆرێك ته‌نيا بە یەك شەمەندەفەر سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ھەزار و پێنج سەد كۆچبەر گەیشتوونەتە نەمسا و بە ھەزاران پەنابەری دیكەش لە رێگەدان، بۆ ئەوەی لەوێوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی دیكە ئەوروپا.