ئێران هێزێكی وشكانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سووریا

كۆشكی سپی به‌ ئاڵۆزتركردنی دۆخه‌كه‌ی ده‌زانێ

ئێران هێزێكی وشكانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سووریا
ئێران هێزێكی وشكانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ سووریا

K24- ژووری هه‌واڵ
كۆشكی سپی ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر ناردنی هێزێكی وشكانیی ئێرانی بۆ سووریا ده‌ربڕی و ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌، قه‌یرانی سووریا ئاڵۆزتر ده‌كات.
ھێزێكی وشكانی ئێران گەیشتووه‌تە ناو خاكی سووریا، ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە ھێزێكی سەربازی رووسیاش لەزەوی و ئاسمانەوە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد بۆردومان دەكەن، لەكاتێكدا رووسیا و ئێران لە ئاسمان و زەوییەوە شەڕ له‌ دژی بەرەكانی بەشار ئەسەد ده‌كه‌ن، كۆشكی سپییش ئەوە بە ئالۆزكردنی قەیرانی سووریا دەزانێت.
دوێنێ هه‌ینی (2.10.2015) جۆش ئێرنێست، گوتەبێژی كۆشكی سپی، بوونی سوپای ئێرانی لەناو خاكی سووریا بۆ ئەنجامدانی ھیرشی زەمینی پشتراست كردەوە و ھۆكاری ئەم ھەوڵەی ئێرانی بۆ كاریگەریی ھێرشەكانی رووسیا گەراندەوە. گوتیشی: "دەری دەخات كە رووسیا دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازیی لە سووریادا دەكات، ئەوان كوێرانە لە دژبەرەكانی رژیمی سووریا دەدەن و ھەواڵی چوونی ھێزی سەربازیی ئێرانیش بۆ رووسەكان ھەواڵێكی خۆشە، بەڵام ئەوە قەیرانەكە ئالۆزتر دەكات".

ئاژانسی ھەواڵی "رۆیترز" رۆژێك دوای ھێرشەكانی رووسیا بۆ سووریا ھەواڵی چوونی ھێزی وشكانیی ئێرانی بۆ ناو سووریا راگەیاندبوو، تاكوو لە ئۆپراسیۆنێكی زەمینی و بە پشتیوانی ھێزی رووسیا دژی نەیارانی بەشار ئەسەد، سه‌رۆكی رژێمی سووریا بەشدار بن. ئەوەش وای كرد كۆشكی سپی، رووسیا و ئێران بەیەكەوە ئاگادار بكاتەوە. به‌ڵام ئه‌و ئاگه‌داركردنه‌وه‌یه‌، هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نه‌بوو.
تاوه‌كوو ئێسته‌ بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لێدوانی فەرمیان لەسەر چوونی ھێزە زەمینییه‌كان بۆ سووریا نەداوە، بەڵام محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە واشنتۆن، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەوە و ھەردوولا باسیان لە گرنگیی ھاوپەیمانییەكی نوێی دژی به‌ داعش كردبوو.

رووسیا لە چەند رۆژی رابردوو ھێرشی ئاسمانی خۆی، بە ئامانجی لێدانی بارەگاكانی داعش دەست پێ كردووە و وادیارە بەرەی شەڕی دژە داعش كه‌ بە گوتەی كۆشكی سپی به‌ بەرەی ھێشتنەوەی بەشار ئەسەد ناوده‌برێت، ئەركەكانیان لەنێوان ئاسمان بۆ رووسیا و زەوی بۆ ئێران دابەش كردووە.