رووسيا: هێرشه‌ ئاسمانييه‌كانمان چڕتر ده‌كه‌ينه‌وه‌

فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كان 50 ئامانجى ستراتيژييان پێكاوه‌

رووسيا: هێرشه‌ ئاسمانييه‌كانمان چڕتر ده‌كه‌ينه‌وه‌
رووسيا: هێرشه‌ ئاسمانييه‌كانمان چڕتر ده‌كه‌ينه‌وه‌

K24  – هه‌ولێر

رووسيا به‌ڵێن ده‌دات كه‌ هێرشه‌ ئاسمانييه‌كان بۆ سه‌ر چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى "داعش"، له‌نێو خاكى سووريادا چڕتر ده‌كاته‌وه‌.

ئاژانسى هه‌واڵى "دۆيچه‌ ويلێ"ى ئه‌ڵمانيا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (3.10.2015) به‌رپرسێكى سه‌ربازى رووسيا رايگه‌ياند، به‌هۆى گورزه‌ ئاسمانييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى، چه‌كدارانى داعش "سه‌رييان لێشێواوه‌" و گوتى: "نزيكه‌ى 600 كه‌سييان ويستوويانه‌ سووريا به‌ جێبهێڵن و روو له‌ ئه‌وروپا بكه‌ن".

به‌ڵام بريتانيا رايده‌گه‌يه‌نێت، كه‌ مه‌رامى رووسيا له‌ وه‌شاندنى گورزى ئاسمانى، پاڵپشتيكردنى رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريايه‌.

وڵاتانى رۆژئاوا، رووسيا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ى كه‌ له‌ هێرشه‌كانيدا، سوپاى ئازادى سوورياى كردووه‌ته‌ ئامانج نه‌ك چه‌كدارانى داعش، به‌ڵام مۆسكۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

جه‌نه‌رال ئه‌ندرێ كارتاپۆلۆڤ، له‌ سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى رووسيا، رايگه‌ياند، فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا زياتر له‌ 50 ئامانجييان پێكاوه‌، كه‌ سه‌رجه‌ميان بنكه‌ى سه‌ربازى  و سه‌ره‌كى چه‌كدارانى داعش بوون.

سوپاى رووسياش له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، رايگه‌ياند، كه‌ پشێوى كه‌وتۆته‌ نێو ريزه‌كانى داعش و ئه‌و ناوچانه‌ جێده‌هێڵن كه‌ پێشتر له‌ژێر ده‌ستيياندا بوون.

لاى خۆيه‌وه‌، ده‌يڤيد كاميرۆن، سه‌رۆك وه‌زيرانى بريتانيا، رووسياى به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌كدارانى ئۆپۆزيسيۆنى سووريا تۆمه‌تبار كرد و گوتى: "رووسيا له‌ هێرشه‌كاندا، جياوازى له‌نێوان چه‌كدارانى داعش و سوپاى ئازادى سووريا ناكات، كه‌ ئێستا له‌ دژى رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن".

پێشووتريش باراك ئۆباما، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، رايگه‌ياندبوو، كه‌ گورزه‌ ئاسمانييه‌كانى رووسيا، داعش به‌هێز و ئۆپۆزيسيۆنى ميانڕه‌ويش لاواز ده‌كات.