سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: هاوبه‌شی كاریگه‌ری هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مه‌ریكاین

پێشوازیش له‌ ڕووسیا ده‌كه‌ین

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: هاوبه‌شی كاریگه‌ری هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مه‌ریكاین
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: هاوبه‌شی كاریگه‌ری هاوپه‌یمانێتیی ئه‌مه‌ریكاین

K24- ژووری هه‌واڵ
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ كوردستان هاوبه‌شی كاریگه‌ری هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكایه‌ و پێشوازیش له‌ وڵاتی ڕووسیا ده‌كات.
له‌ دوای به‌هێزبوونی ڕووسیا و به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆی وه‌كوو ئه‌مه‌ریكا بۆ قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتیی و عێراق و سووریاش به‌ تایبه‌تی، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ هەرێمی كوردستان سوپاسی هەر دەوڵەت یان لایەنێك دەكات كە لە شەڕی دژی داعش یارمەتیی پێشمەرگە بدات و لەم ڕووەوە پێشوازییش لە وڵاتی ڕووسیا دەكات ئەگەر هاوكاریی پێشمەرگە بكات.

هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش چووه‌ته‌ نێو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و زیاتر له‌ 60 وڵات به‌شداری تێدا كردووه‌ و له‌لایه‌ند چه‌ند وڵاتێكیشیانه‌وه‌، چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی بۆ پێشمه‌رگه‌ نێردراوه‌.

هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ (3.10.2015) بڵاو بووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێزی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوە بووە لەسەر ئەرزی واقع و، توانیویەتی سەركەوتنی بەرچاو لە بەرانبەر داعش مسۆگەر بكات. لەم شەڕەدا هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی كاریگەرە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە عێراق".
له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "سەبارەت بە هەوڵە جیهانییەكان بۆ تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەگەر هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەنێوان هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و وڵاتی ڕووسیا لە دژی داعش هەبێت ئەوە ئەنجامی باشتری لێدەكەوێتەوە".

هه‌فته‌ی ڕابردوو، حكوومه‌تی عێراقی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌ پێشوازی له‌ هێرشی ئاسمانیی ڕووسی ده‌كات بۆ سه‌ر ڕێخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ئاشكراشی كرد كه‌ به‌ كردار هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری ڕووسیا و ئێران ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش.