وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا: مۆڵگه‌كانى داعشمان له‌ چوار پارێزگاى سووريا بۆردومانكردووه‌

بۆردومانه‌كه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ى داعش له‌ پارێزگاكانى حه‌ما، حيمس، لازقيه‌ و ئيدله‌ب بووه‌

وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا: مۆڵگه‌كانى داعشمان له‌ چوار پارێزگاى سووريا بۆردومانكردووه‌
وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا: مۆڵگه‌كانى داعشمان له‌ چوار پارێزگاى سووريا بۆردومانكردووه‌

K24 – هه‌ولێر

وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا رايگه‌ياند، كه‌ له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێرى رابروودا، فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا، مۆڵگه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى "داعش"يان له‌ چوار پارێزگاى سووريا بۆردومان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (5.10.2015)، له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا رايگه‌ياند، له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێرى رابردوودا، فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كان 9 مۆڵگه‌ى سه‌ره‌كى داهشييان بۆردومانكردووه‌، كه‌ يه‌كێكيان بنكه‌يه‌كى سه‌ركردايه‌تييه‌ له‌ حه‌ما، كۆگايه‌كى چه‌ك و ته‌مه‌نى له‌ لازقيه‌، ناوه‌ندى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ حيمس و كاروانێكى ئۆتۆمبێلى داعش له‌ ئيدله‌ب.

سه‌ره‌ڕاى گومانى به‌شێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ريكا له‌ مه‌رامى رووسيا له‌ ئه‌نجامدانى هێرشه‌ ئاسمانييه‌كان، به‌ڵام رووسيا رايگه‌ياند، كه‌ گورزه‌ ئاسمانيياكانى بۆ سه‌ر داعش له‌ نێو خاكى سووريا چڕتر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ (30.9.2015) ده‌ستيپێكردووه‌.

له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا، لۆران فابيۆس، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رايگه‌ياند، پێويسته‌ گورزه‌ ئاسمانييه‌كانى رووسيا، مۆڵگه‌كانى چه‌كدارانى داعش و ئه‌و گروپانه‌ى كه‌ له‌ ريزى تيرۆريستانن بكاته‌ ئامانج.

رۆژى چوار شه‌ممه‌ (30.9.2015)، دواى رێگاپێدانى ئه‌نجوومه‌نى يه‌كێتى رووسيا (په‌رله‌مان)، به‌ سوپاى وڵاته‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى كرده‌ى سه‌ربازى له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى رووسيا ئه‌نجام بدات، بۆ يه‌كه‌مجار فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى رووسيا، بنكه‌كانى چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانى داعشييان له‌نێو خاكى سووريادا كرده‌ ئامانج، به‌ڵام وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ريكا، ره‌خنه‌يان له‌و هێرشه‌ ئاسمانييانه‌ گرت و رايانگه‌ياند، كه‌ مه‌رامى رووسيا له‌و هێرشانه‌دا، به‌ ئامانجگرتنى چه‌كدارانى ئۆپۆزيسيۆنى سووريايه‌ نه‌ك داعش.