کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
ئه‌ردۆغان: كێشه‌كانى سووريا ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌سه‌ر جيهان
سه‌رۆكى توركيا، هۆشدارى ده‌دات له‌سه‌ر كێشه‌كانى سووريا به گواستنه‌وه‌ى بۆ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جيهانى.
K24- ژوورى هه‌واڵ
سه‌رۆكى توركيا، هۆشدارى ده‌دات له‌سه‌ر كێشه‌كانى سووريا به گواستنه‌وه‌ى بۆ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جيهانى.
به‌رده‌وامبوونى شه‌ڕى ناوخۆىى سووريا و ده‌ست تێوه‌ردانى رووسيا، وايكردووه سه‌رۆكى توركيا به هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى مه‌ترسيدار بۆ سه‌ر جيهان و ناوچه‌كه وه‌سف بكات، هه‌ر بۆيه پێى وايه ئه‌گه‌ر رێگا چاره‌يه‌كى گونجاو بۆ كێشه‌كانى سووريا نه‌دۆزرێته‌وه، پێويسته كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رپرسياريه‌تى له روودانى هه‌ر شتێكى چاوه‌ڕوان نه‌كراو بۆ سه‌ر جيهان هه‌ڵبگرێ.
دوێنى دووشه‌ممه (5.10.2015) ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى توركيا، له ساته‌وه‌ختى پێشكه‌شكردنى گوتاره‌كه‌ى له كۆنگره‌ى "ئايگمۆنت" له بروكسلى پايته‌ختى به‌لجيكا گوتى: "سووريا ماوه‌ى چوار ساڵ زياتره، جۆره‌ها كاره‌ساتى مرۆيى به‌خۆيه‌وه ده‌بنێ، ده‌كرێ ره‌گوريشه‌ى كێشه‌كانى سووريا به ئاشتى چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌ويش به‌هۆى گۆڕينى سيسته‌مى ئه‌و وڵاته له‌رێگاى دانانى سه‌رۆكێكى كاتى".
گوتيشى: "ئه‌مه رژێمى سووريا بوو له‌سه‌ره‌تادا هاوكارى رێكخراوى داعشى ده‌كرد و رێگاى له‌به‌رده‌م ئه‌و چه‌كداره دڕندانه كرده‌وه، بۆيه كێشه‌كان زياتر به‌ره‌و قوڵبوونه‌وه چوون".
روونيشى كرده‌وه: "دژايه‌تى كردنى تيرۆرست و توندڕه‌وه‌كانى سووريا ته‌نيا له‌رێگه‌ى حكوومه‌تێكى شه‌رعى ئه‌و وڵاته ده‌بێت به‌وه‌ى كه ته‌واوى سووريا به‌شداربن له‌و حكوومه‌ته، نه‌ك ئه‌و حكوومه‌ته‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، چونكه ئه‌سه‌د خۆى كارى تيرۆرستى به‌رانبه‌ر گه‌لى سووريا ئه‌نجام ده‌دات".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "زيادبوونى گرژى و ئاڵۆزييه‌كانى ئه‌و ناوچه‌يه واى له توركيا كرد كه ناوچه‌يه‌كى ئارام دوور له ده‌ستى تيرۆرستان بۆ په‌نابه‌رانى سووريا زامن بكات، ئۆپۆزيسيۆنيش ئاگه‌داره له‌وه‌ى كه ئه‌و ناوچه‌يه پاككراوه‌ته‌وه له داعش، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكى گرنگه و به‌شێكه له چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانه‌كانى سووريا".
نزيكه‌ى چوار ساڵه سووريا ئارامى به‌خۆيه‌وه نه‌بينيوه، به‌تايبه‌تى دواى ده‌ركه‌وتنى رێكخراوى چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) كه له ئێسته‌دا به‌شيكى زۆرى خاكى سووريا و عێراق داگيركردووه بووه‌ته هێزێكى كاريگه‌ر له ناوچه‌كه‌دا ئه‌مه له‌لايه‌ك، له‌لايه‌كى ديكه‌وه ئۆپۆزيسيۆنى سووريا هه‌موو هه‌وڵێكى خۆيان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى كۆتايى به ده‌سه‌ڵاتى به‌شار ئه‌سه‌د بێنن، به‌ڵام رووسيا پشتگيرى مانه‌وه‌ى ئه‌سه‌د ده‌كات له سووريا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له هه‌فته‌ى رابردووه‌وه به‌ناوى "شه‌ڕى دژه داعش" ده‌ستى به بۆردومانه‌كانى كردووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێگه‌ى نيگه‌رانى وڵاتانى هاوپه‌مان به‌جۆرێك به هه‌ڵه‌يه‌كى كوشنده‌ى سياسه‌تى رووسياى ده‌زانن.