کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
بارزانی: كچانی کورد هیممهتی خهڵكی ئهوروپاشیان بهرز كردهوه
"پێویستە كچانیش بە زانستی سەربازی پەروەردە بكرێن"
K24- زاخۆ
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كه دەبێت كچانیش ڕۆڵیان لە پەروەردەی سەربازیدا هەبێت و لە ئایندەشدا ڕۆڵی خۆیان لەمبارەیەوە بگێڕن.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ ڕایگهیاند كه كچانیش پێویستە شانبەشانی كوڕان بە زانستی سەربازی پەرەوەردە بكرێن، بۆ ئەوەی لە بەرگری كردن لە وڵاتەكەیاندا بەشدار بن، هەروەها دەبێ پێشانی جیهان بدەین كە كۆمەڵگەیەكی كراوەمان هەیە و جیاوازیی لەنێو كچ و كوڕان نییە و بەهیچ شێوەیەك كچ لە كوڕ كەمتر نییە.
دوێنێ سێشەممە (6.10.2015) بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كاروباری ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ و ڕەوشی خولە سەربازییەكان و بە تایبەتیش یەكەم خولی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت، سهرۆكی ههرێمی كوردستان سەردانی ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆی كرد و له مەراسیمی نمایشی سەربازیی ئەفسەرانی ئافرەتدا ئامادە بوو و پاشان لەگەڵ فەرماندە و مامۆستا و سەرپەرشتیارانی ئاكادیمیا و خولی تایبەت بە ئەفسەرانی ئافرەت كۆبوویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكاریی خولەكانی ئاكادیمیا بوو.
بارزانی خۆشحاڵی نیشاندا بە ئامادەییی ژمارەیەك كچ بۆ بەشداربوونیان لە خولی سەربازیی پێگەیاندنی ئەفسەران و ڕایگهیاند كه ئەركێكی گەورەیان دەكەوێتە سەر شان و دەبێ كچانیش ئەوە بسەلمێنن لە ئاییندەدا ڕۆڵیان لە كوڕان زیاتر دەبێت.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان ههروهها گوتی: "كاتێك وێنەی پێشمەرگە و كچانمان لەبەرەكانی شەڕ لێرە و لە كۆبانێ لە میدیاكان دەدیترا، ورە و هیمەتی خەڵكی ئەوروپاییشی بەرز دەكردەوە.
بە مەبەستی بایەخدان بە ڕۆڵی ئافرەت لە بەرگری كردن لە وڵات و پەروەردە كردنیان بە زانستی سەربازیی سەردەم، یەكەمین خوڵی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ئافرەت بە بەشداریی 202 كچ لە ئاكادیمیای سەربازیی زاخۆ، ماوەی چەند مانگە دەستی پێ كردووە و لە مانگی 4ی ساڵی 2016دا كۆتایی دێت.