رێگا له‌ كۆلێرا ده‌گيرێ

لە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە ھەندێک لە شارەکانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر بۆ رێگرى كردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.

رێگا له‌ كۆلێرا ده‌گيرێ
رێگا له‌ كۆلێرا ده‌گيرێ

K24 – ھەولێر

لە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە ھەندێک لە شارەکانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر بۆ رێگرى كردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.

به‌پىێى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه‌، له‌ کەمپی کەورگۆسک سەر بە پارێزگای ھەولێر، ئاوەڕۆکان سەریان کراويه‌و رێگاکان ھەمووی قوڕە، ئەمەش ژیانی بۆ دانیشتوانی ئەو کەمپە سه‌خت کردووە، چونکە ئێسته‌ نەخۆشی کۆلێرا لە عێراق بە گشتی بڵابووته‌وه‌ و ئەو ئاوە پیسە رەنگە ببێتە ھۆی زیاتر بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشیە لە کەورگۆسک.

وه‌زاره‌تى تەندروستی ھەرێمى كوردستان بە ھاوکاری رێکخراوی یونیسێف، پرۆژەیەکیان ھەیە بۆ سەرجەم کەمپەکانی کوردستان تاوەکوو ئەو ئاوارانە لەو نەخۆشیە و رێگاکانی خۆپاراستنی ئاگادار بکەنەوە.

سامان سەلمان، به‌ڕيوه‌به‌رى پەیوەندیەکانی وەزارەتی تەندروستيیەو دەرگا بە دەرگای ماڵە ئاوارەکان دەڕوات بۆ بڵاوکردنەوەی رێنمایی خۆپاراستن.

یەکێک لەو کێشە سەرەکیەکانه‌ى کە بەرەورووی سه‌لمان و ھاوکارانی دەبێتەوە، نەخوێندەواری ھەندێک لە دانیشتوانی ئەو کەمپانەیە بە تایبەتی بەساڵاچووان.

سەلمان دەڵێت: "لە ھەرێمی کوردستان تا ئێسته‌ ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆلێرامان نیيە و ھیچ مەترسیەکیشمان لە سەر نیيە، بەڵام ئەو کارەی ئێمە دەیکەین بۆ زیاتر ئاگاداربوونی خەڵک و خۆپاراستنیانە".

دواى تێچكوونى بارودۆخى سووريا و دروستبوونى شه‌ڕى چه‌كدارى و ده‌ركه‌وتنى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) و داگيركردنى به‌شێك له‌ خاكى سووريا و عێراق، خه‌ڵكێكى زۆر ئاواره‌ى وڵاتانى دراوسێ و ئه‌وروپا بوو، به‌جۆرێك ته‌نيا له‌كه‌مپى كه‌ورگۆسك نزيكه‌ى 10 هه‌زار ئاواره‌ى تێيدا نيشته‌جێ كراوه‌.