کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ: دەرفەتێكی دیكه بدەن بە سەركردایەتی سیاسی
جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه كۆمەڵانی خەڵك متمانەیان بەلایەنە سیاسییەكان كەم بۆتەوە
K24- ژووری هه‌واڵ
جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه كۆمەڵانی خەڵك متمانەیان بەلایەنە سیاسییەكان كەم بۆتەوە، دا‌واشیان لێ ده‌كات دەرفەتێكی دیكه بدەن بە سەركردایەتی سیاسی.
كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوا له كەسی یەكەمی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكات بەراستی بچنه مەیدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ده‌ڵێ "چونكە هەموو پۆست و سەروەت و سامانی دونیا ناكاتە دڵۆپێك خوێنی گەنجێك كە لە رووداوێكی ئاوا نەخوازراو بڕژێت".
دوێنێ هه‌ینی (9.10.2015)، دوابه‌دوای ڕووداوه‌كانی قه‌ڵادزێ، كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی گوتیشی: "ئەمڕۆ عێراق بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی بە بارودۆخێكی نالەبار تێ دەپەڕێ، سەرباری قەیرانەكانی (ئابووری، دارایی و ئەمنی... هتد) بابەتی تەنگژەی قەڵادزەو هاوشێوەكانی هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایشی وڵاتەكەمان دەكات".
جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ده‌شڵێ: "خۆپیشاندان و ئازادی رادەربڕین مافی هەموو كەسێكەو پاڵپشتی دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی توندوتیژی كێشەكان چارەسەر ناكات، ئەوەش دەزانم كۆمەڵانی خەڵك متمانەیان بەلایەنە سیاسییەكان زۆر كەم بۆتەوە، چونكە سێ مانگە مووچەیان پێ نەدراوەو نەداری و هەژاری فشاری بۆ هێناون، بەڵام لێرەوە داواتان لێدەكەم دەرفەتێكی تر بدەن بە سەركردایەتی سیاسی بە ئومێدی گەیشتن بە ئەنجامێكی باش و چارەسەری كێشەكان بە گشتی".
دوای خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو له شاری سلێمانی، دوێنی هه‌ینی له ناوچه‌ی پشده‌ر (134 كم، باكووری سلێمانی)، خۆپیشاندانێكی هاوشێوه ئه‌نجام درا كه ئامانجی پێدانی مووچه بوو، به‌ڵام دواتر ڕێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كه گۆڕدرا و خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر قایمقامیەتی قەڵادزێ و بەردبارانیان كرد، ناوچەی پارتی لە قەڵادزێ و ژاراوە سووتێنرا، لە سەنگەسەریش ناوچەی پارتی بەردبارانكرا، له ئاكامدا 3 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا، 10 خۆپیشانده‌ری دیكه‌ش بە گوللـە بریندار بوون.