عه‌بادى په‌يوه‌ندى به‌ بارزانييه‌وه‌ ده‌كا

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باس له‌ دواين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

عه‌بادى په‌يوه‌ندى به‌ بارزانييه‌وه‌ ده‌كا
عه‌بادى په‌يوه‌ندى به‌ بارزانييه‌وه‌ ده‌كا

K24 – ھەولێر

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، باس له‌ دواين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

نووسينگه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق رايده‌گه‌يه‌نێ به‌مه‌به‌ستى قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخى ئێسته‌ى عێراق به‌ گشتى و كوردستان به‌تايبه‌تى، عه‌بادى په‌يوه‌ندى به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كرد و تێيدا باس له‌ خۆپيشاندانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان و گرتنه‌وه‌ى موسڵ كرا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (10.10.2015) نووسينگه‌ى حه‌يده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، به‌ياننامه‌يه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ تێدا هاتووه‌: "به‌مه‌به‌ستى ئاگه‌داربوون له‌ بارودۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، عه‌بادى په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ بارزانى ئه‌نجامدا و بارزانى ئاماژه‌ى به‌ خۆپيشاندانه‌كان و په‌يوه‌ندى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانيان كردووه‌".

هه‌ر له‌و به‌يانه‌دا هاتووه‌: "ھەردوو لایەن تاوتوێی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ و شەڕی دژ به‌ داعش و چەند پرسێكی ديكه‌يان كردووە".

زياتر له‌ساڵێكه‌ به‌غدا بودجه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان نه‌ناردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى دروستبوونى قه‌يرانى دارايى و به‌جۆريك ماوه‌ى سێ مانگه‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستايانى سه‌ر به ‌حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مووچه‌يان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ش وايكردووه‌ له‌ چه‌ندان شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خۆپيشاندان ئه‌نجام بدرێت.