کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
ئێران به تۆمه‌تى سيخوڕيكردن رۆژنامه‌وانێك حوكم ده‌دات
حوكمه‌كه‌ى روون نه‌كراوه‌ته‌وه.
K24 - هه‌ولێر
گوته‌بێژى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئێران، رايگه‌ياندپه‌يامنێرێكى واشنتۆن پۆست له تاران، به تۆمه‌تى سيخوڕيكردن بۆ ئه‌مريكا، حوكم ده‌دات.
ئاژانسى هه‌واڵى "ئيرنا"ى ئێرانى بڵاويكردووه‌ته‌وه، غولام حوسێن موحسينى، گوته‌بێژى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئێران، رايگه‌ياند، كه دادگاى ئێران، جيسۆن ره‌زاييان، به تۆمه‌تى سيخوڕيكردن بۆ ئه‌مه‌ريكا حوكم ده‌دات، هه‌رچه‌نده تا ئێستا سروشتى جێبه‌جێكردنى ئه‌و حوكمه روون نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام گوته‌بێژى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئێران رايگه‌ياند كه رۆژنامه‌وانى ناوبراو و پارێزه‌ره‌كه‌ى، ده‌توانن داواى پێداچوونه‌وه به حوكمه‌كه بكه‌ن.
جيسۆن ره‌زاييان ته‌مه‌ن (39) ساڵه، كه ئه‌مريكايى به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانييه، تۆمه‌تى سيخوڕيكردنى بۆ ئه‌مه‌ريكا دراوه‌ته پاڵ و ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران رايانگه‌ياندووه، كه ئه‌و رۆژنامه‌وانه زانيارى نهێنى له نێوخۆى ئێرانه‌وه، له رێگاى رۆژنامه‌يه‌كى ئه‌مه‌ريكاييه‌وه بۆ كۆشكى سپى ناردووه، به‌ڵام ره‌زاييان ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: "ته‌نها وه‌ك رۆژنامه‌وانێك كارى خۆمم كردووه".
له‌لايه‌كى ديكه‌وه، مارتن بارۆن، سه‌رنووسه‌رى جێبه‌جێكارى واشنتۆن پۆست، رايگه‌ياند، حوكمدانى ره‌زاييان له‌لايه‌ن دادگاكانى ئێرانه‌وه كارێكى "سه‌رسوڕهێنه‌ر و ناڕۆشنه" و ئه‌و رۆژنامه‌وانه زياتر له 15 مانگه له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێرانه‌وه ده‌ستگيركراوه و گوتى: "جيسۆن ره‌زاييان قوربانييه و به‌بێ هۆ ده‌ستگيركراوه و به‌بێ ئه‌وه‌ى پارێزه‌رێكى بۆ ديارى بكرێت، چه‌ند مانگێكيش له ژوورێكى ته‌نگ و تاريك زيندانيكراوه، ئازارى جه‌سته‌يى و ده‌روونى دراوه، تاك شتێك كه روون بێت، ئه‌وه‌يه كه جيسۆن ره‌زاييان بێتاوانه".
حكومه‌تى ئه‌مه‌ريكا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ره‌تكرده‌وه‌و داواى ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنى جيسۆن ده‌كات، پێشووتريش حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆك كۆمارى ئێران، باسى له پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕى گيراوان كرد له‌نێوان واشنتۆن و تاران.
جيسۆن ره‌زاييان، رۆژنامه‌وانى ئه‌مه‌ريكايى به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانييه و په‌يامنێرى رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆسته له تارانى پايته‌ختى ئێران، له رێكه‌وتى 22ى ته‌ممووزى 2014 له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێرانه‌وه، تۆمه‌تى سيخوڕێكردنى دراوه‌ته پاڵ و ده‌ستگير كراوه.