کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
په‌رله‌مانى ئێران رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى په‌سندكرد
به كۆى ده‌نگى په‌رله‌مانترانى ئێران په‌سندكرا
K24 - هه‌ولێر
په‌رله‌مانى ئێران، ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانى 5+1 په‌سه‌ندكرد.
رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى نێوان ئێران و وڵاتانى رۆژئاوا، له‌لايه‌ن په‌رله‌مانى ئێرانه‌وه په‌سندكرا، كه ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتننامه‌كه، باس له هه‌ڵگرتنى گه‌مارۆى ئابوورى ده‌كات، كه له‌لايه‌ن وڵاتانى رۆژئاوا به‌هۆى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمييه‌كه‌ى، خراوه‌ته سه‌ر ئێران.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (13.10.2015)، په‌رله‌مانى ئێران رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى وڵاته‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ وڵاتانى رۆژئاوا په‌سندكرد، كه له 14ى ته‌ممووزى 2015 مۆركرا و له نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان خرايه ده‌نگدان و 161 وڵات به به‌ڵێ و 59 وڵات به نه‌خێر ده‌نگى له دژى ئه‌و رێككه‌وتنه دا و 13 وڵاتيش ده‌نگييان نه‌دا.
په‌رله‌مانى ئێران له به‌رژه‌وه‌ندى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتننامه‌كه ده‌نگيدا، بۆ ئه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌كه وه‌كو خۆى جێبه‌جێ بكرێت، له به‌رانبه‌ر رێگادانى ئێران به نوێنه‌رانى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وزه‌ى ئه‌تۆم، بۆ پشكنينى وێستگه ئه‌تۆمييه‌كانى ئێران، گه‌مارۆكانى سه‌ر ئه‌و وڵاته هه‌ڵبگيرێن.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌شێك له ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى ئێران، ناره‌زايى خۆيان له به‌رانبه‌ر په‌سندكردنى رێككه‌وتننامه‌كه ده‌ربڕى و رايانگه‌ياند ،كه رێككه‌وتننامه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندى وڵاته زلهێزه‌كاندايه، به‌ڵام به‌كۆى ده‌نگ په‌سندكرا.
دواى نزيكه‌ى دووساڵ له گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى، دواجار له رێككه‌وتنى 14ى ته‌ممووزى 2015، ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانى 5+1 كه پێكهاتوون له (ئه‌مه‌ريكا، ئه‌ڵمانيا، بريتانيا فه‌ره‌نسا، رووسيا و چين) گه‌يشتنه رێككه‌وتن، له‌ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌شدا هاتووه، كه سه‌رجه‌م گه‌مارۆ ئابوورييه‌كانى سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گيرێن، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئێران رێگا به پشنكه‌رانى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆم ده‌درێت، سه‌ردانى وێستگه ئه‌تۆمييه‌كانى ئێران بكه‌ن.