دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا غازى شل هه‌نارده‌ى ئه‌وروپا ده‌كرێ

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا، رايده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ريككه‌وتننامه‌ى نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌ى پرۆژى گواستنه‌وه‌ى "غازى شل" بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا ئيمزا ده‌كرێ‌.

دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا غازى شل هه‌نارده‌ى ئه‌وروپا ده‌كرێ
دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا غازى شل هه‌نارده‌ى ئه‌وروپا ده‌كرێ

K24- ژوورى هه‌واڵ

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا، رايده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ريككه‌وتننامه‌ى نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌ى پرۆژى گواستنه‌وه‌ى "غازى شل" بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا ئيمزا ده‌كرێ‌.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا رايده‌گه‌ينێ كه‌ سه‌رۆكى توركيا له‌ رۆژى 23ى مانگى رابردوو دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى رووسيا له‌ساته‌وه‌ختى مه‌راسيمى كردنه‌وه‌ى مزگه‌وتى گه‌وره‌ له‌ مۆسكۆ، دووپاتيكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ريككه‌وتننه‌ سياسيه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات وه‌ك خۆى ده‌مێنێ و هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (14.10.2015) سيرگى لاڤرۆڤ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا، له‌ساته‌وه‌ختى پێشكه‌شكردنى گوتارێكى له‌ ئه‌نجونى نوێنه‌رانى رووسيا، گوتى: "پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا، رێگه‌ به‌ هيچ لايه‌نێك نادرێ ئيمزا له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى پرۆژه‌ى‌ گواستنه‌وه‌ى غازى شل، بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا بكات".

گوتيشى: "ئێمه‌ چاوه‌ڕێ كۆتايى هاتنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى توركيا ده‌كه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تێكى نوێ له‌ توركيا پێك بهێنرێت، ئه‌و كاته‌ ئيمزا له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كرێ".

له ‌مانگى حوزه‌يرانى رابردوودا بۆ يه‌كه‌مجار له‌مێژوودا پارتى دادوگه‌شه‌پێدانى ئيسلامى، زۆرينه‌ى ده‌نگه‌كانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى له‌ ده‌ستدا، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌توانرا له‌گه‌ڵ هيچ يه‌كێك له‌ پارته‌كانى توركيا حكوومه‌ت پێك بهێنن، بڕياردرا هه‌ڵبژاردنێكى ديكه‌ بكرێته‌وه‌، له‌ ئێسته‌دا حكوومه‌تى توركيا ئاماده‌باشى كردووه‌ بۆ مانگى داهاتوو هه‌ڵبژاردنێكى ديكه‌ بكات و پارتى دادوگه‌شه‌پێدان به‌و هيوايه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ى له‌ده‌ستى دابوو دووباره‌ بيگه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌لايه‌كى ديكه‌وه‌ عه‌لى ره‌زا، وه‌زيرى وزه‌ى توركيا، بۆ ئاژانسى هه‌واڵى "ئه‌نادۆڵ"ى توركى رايگه‌ياند كه‌ هيچ كێشكه‌يه‌ك له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا و توركيا له‌ بوارى وزه‌و وه‌به‌رهێنان دا نييه‌ و ره‌تيشى كرده‌وه‌ كه‌ توركيا پاشه‌كشه‌ى له‌ كڕينى غازى رووسيا كردبێت.

دواى بۆردومانكردنى سنووره‌كانى توركيا له‌لايه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگيه‌كانى رووسيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، رايگه‌ياندبوو كه‌ چاوێك به‌ پرۆژه‌ى كڕينى غاز له‌ رووسيا ده‌خشێنينه‌وه‌.

عه‌لى ره‌زا، ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌: "هيچ كێشه‌يه‌كيمان سه‌باره‌ت به‌ وه‌به‌رهێنان وزه‌ له‌گه‌ڵ رووسيادا نييه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ رووسيا هه‌نارده‌كارێكى باشه و ئێمه‌ش بۆ رووسيا كڕيارێكى باشين، به‌جۆرێك 60% پێويستييه‌ غازييه‌كانمان له‌ رووسياوه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنين، هه‌ر چۆنێك بێت ده‌ستبه‌ردارى غازى رووسى نابين، ئه‌گه‌ر كێشه‌يه‌كيش هاته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ به‌دواى چاره‌سه‌رێكى گونجاودا ده‌گه‌ڕێين".

هه‌نارده‌كردنى غازى رووسيا بۆ توركيا له‌ رێگه‌ى چوار بۆرى غازه‌وه‌يه‌ ئه‌ميش راسته‌وخۆ به‌نێو زه‌رياى ره‌شه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت بۆ توركيا.

توركيا له‌ دواى ئه‌ڵمانيا به‌ دووه‌م وڵات داده‌نرێت كه غازى رووسيا ده‌كڕێته‌وه‌، هه‌ر له‌مانگى رابردوودا نزيكه‌ى 27.4 مليار مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ غازى رووسيا ره‌وانه‌ى توركيا كراوه‌، له‌كۆى ساڵێكيشدا نزيكه‌ى 63 مليار مه‌تر چوارگۆشه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌.

له‌ ئێسته‌دا وڵاتانى ئه‌وروپاش ده‌يانه‌وێ به‌شداربن له‌ كڕينى غازى رووسى، رووسياش ده‌يه‌وێت به‌پێى رێككه‌وتننامه‌يه‌ك له‌گه‌ل توركيا به‌ناوى "غازى شل" ئيمزا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌رێگه‌ى ئه‌و بۆڕيانه‌وه‌ ساڵانه‌ 47 مليار مه‌تر چوارگۆشه‌ غاز هه‌نارده‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا بكات.