توركيا له‌باره‌ى هاوكاريكردنى په‌يه‌ده‌ هۆشدارى ده‌دات

توركيا له‌باره‌ى هاوكاريكردنى په‌يه‌ده‌ هۆشدارى ده‌دات
توركيا له‌باره‌ى هاوكاريكردنى په‌يه‌ده‌ هۆشدارى ده‌دات

K24 – هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌يه‌كى باڵا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا رايگه‌ياند، كه‌ وڵاته‌كه‌ باڵيۆزانى ئه‌مه‌ريكا و رووسيا بانگهێشتكردووه‌ و له‌ پێشكه‌شكردنى هه‌ر جۆره‌ هاوكارييه‌كى پارتى يه‌كێتى ديموكرات "PYD"، هۆشدارى داوه‌.

ئاژانسى هه‌واڵى "فرانس پرێس" له‌ زارى سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دوێنێ سێشممه‌، توركيا بانگهێشتى باڵيۆزانى ئه‌مه‌ريكا و رووسياى كردووه‌ و له‌ باره‌ى هاوكاريكردنى كورد، هۆشدارى داوه‌ و هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى له‌ باره‌ى هاوكاريكردنى پارتى يه‌كێتى ديموكرات "PYD" روونكردووه‌ته‌وه‌.

روونيشى كردووته‌وه‌، باڵيۆزى هه‌ردوو وڵات له‌باره‌ى ئه‌و شتانه‌ى پێويست بوونه‌، ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، له‌ باره‌ى ناردنى هاوكارى سه‌ربازى بۆ پارتى يه‌كێتى ديموكرات "PYD"، به‌ باڵيۆزانى ئه‌مه‌ريكا و رووسياى  گوتووه‌: "توركيا ناتوانێت رێگا به‌هيچ هاوكارييه‌كى گروپه‌ تيرۆريستييه‌كان بدات، كه‌ شه‌ڕ له‌ دژى وڵات ده‌كات".

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو، وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ريكا (پنتاگۆن) رايگه‌ياند، كه‌ نزيكه‌ى 120 تۆن هاوكارى سه‌ربازى و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى، له‌ رێگاى فڕۆكه‌ بارهه‌ڵگره‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مه‌ريكاوه‌، گه‌ياندۆته‌ ده‌ست گه‌ريلاكانى پارتى يه‌كێتى ديموكرات (PYD) له‌ رۆژئاواى كوردستان.

كورد، به‌ تايبه‌تيش هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و گه‌ريلاكانى په‌يه‌ده‌، به‌ تاكه‌ هێزى زه‌مينى داده‌نرێن، كه‌ تا ئێستا توانيبێتييان چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) تێك بشكێنن و له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌ كوردييه‌كانى باشوور و رۆژئاواى كوردستان پاشه‌كشێيان پێ بكه‌ن، به‌ڵام توركيا تا ئێستا هيچ هاوكارييه‌كى كوردانى نه‌كردووه‌ و له‌دژى هاوكاريكردنى ئه‌و هێزانه‌ش، به‌تايبه‌تى (PYD) وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌، په‌يوه‌ندى به‌ پارتى كرێكارانى كوردستان (PKK)ه‌وه‌ هه‌يه‌.