له‌ ئيندۆنێزيا بانكێكى تايبه‌ت بۆ كڕينى زبڵ كراوه‌ته‌وه‌

زبڵ لە وڵاتی ئیندۆنێزیا یەكسانە بە پارە، لە شارێكی ئەو وڵاتە حكوومەت بانكی تایبەت بە زبڵ و خاشاكی دامەزراندووە، كە ھاوشێوەی بانكەكانی ديكه‌ كار دەكەن، بەڵام مەرجی بەشداربوونیان جیاوازە، لە زۆری بەرھەمھێنانی زبڵی پلاستیكی ئیندۆنێزیا دووەم وڵاتی جیھانە و ئەم دەستپێشخەرییە تاڕادەیەك یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ژینگەكەی.

له‌ ئيندۆنێزيا بانكێكى تايبه‌ت بۆ كڕينى زبڵ كراوه‌ته‌وه‌
له‌ ئيندۆنێزيا بانكێكى تايبه‌ت بۆ كڕينى زبڵ كراوه‌ته‌وه‌

K24- ژوورى هه‌واڵ

زبڵ لە وڵاتی ئیندۆنێزیا یەكسانە بە پارە، لە شارێكی ئەو وڵاتە حكوومەت بانكی تایبەت بە زبڵ و خاشاكی دامەزراندووە، كە ھاوشێوەی بانكەكانی ديكه‌ كار دەكەن، بەڵام مەرجی بەشداربوونیان جیاوازە، لە زۆری بەرھەمھێنانی زبڵی پلاستیكی ئیندۆنێزیا دووەم وڵاتی جیھانە و ئەم دەستپێشخەرییە تاڕادەیەك یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ژینگەكەی.

یولیانینگسیھی 53 ساڵان پاش كۆكردنەوی ئەو زبڵە لە بەر دەرگای دانانێت، دەیبات بۆ بانكی زبڵ، لەوێش پاش لە قەپاندانی گونییەكەی، پارەی زبڵە فرۆشراوەكە یان دەخاتە سەر حسێبی بانكیی خۆی یان دەیخاتە باخەڵی و لە بانكەكە دەچێتە دەرەوە.

یولیانینگسیھى، ده‌ڵێت: "جیا لە كۆكردنەوەی ھەندێك پارە، من ئەو كارە بۆ پاككردنەوەی ژینگە دەكەم و دەمەوێ خەڵك بۆ ئەم كارە ھان بدەم".

لە شاری جیماھی، ژمارەیەكی كەم بانكی زبڵ ھەن، مەرجە فرۆشیارانی خاشاك دانەبڕێن لە فرۆشتنی زبڵ، تەنانەت ئەگەر ھەندێكجار زبڵەكە كەمیش بێت، مەرجیشە فرۆشیاران حسێبێكی بانكیان ھەبێت، كە سەرمایەكەی لە 7 دۆلار كەمتر نەبێت، لەو بانكانە فرۆشیارانی زبڵ دەتوانن وەك بانكەكانی ديكه‌ لە حسێبەكانی خۆیان بكۆڵنەوە و پارەش رابكێشن.

ھەرچەندە نرخی كڕینی زبڵ یەكجار كەمە، بەڵام ھەر بیرۆكەی دەستكەوتنی پارە لە زبڵ، بەسە بۆ ھەندانی زۆر خەڵك، لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا ژمارەی بەشداربووان لە 258 كەسەوە گەیشتووەتە 433 كەس.

وارسۆ ویجایا، بەڕێوەبەری بانكێكی زبڵ ده‌ڵيت: "بەھۆی بانكی زبڵەوە، دانیشتووان بۆ جیاكردنەوە و كۆكردنەوەی زبڵەكەیان ھان دەدرێن، پێشتر ھیچیان لە خاشاكەوە دەست نەدەكەوت، دروشمی ئێمە ئەوەیە دوێنی خاشاك و ئەمڕۆ پارە."

لە جیماھی، رۆژانە 160 تەن خاشاك بەرھم دێت. 70%ی خاشاكەكە ئەندامییە و پاشماوەكەی نائەندامییە و دەفرۆشرێتەوە بە بانك.