هه‌ژارى ته‌نگ به‌خێزانێك هه‌ڵده‌چنێ

تەواوی خێزانەکە بەرەو ئەوروپا کۆچیان کرد

هه‌ژارى ته‌نگ به‌خێزانێك هه‌ڵده‌چنێ
هه‌ژارى ته‌نگ به‌خێزانێك هه‌ڵده‌چنێ

K24 – ھەولێر

خێزانێکی شاری كه‌ركووك، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند مانگ لە شاری ھەولێر، تەواوی خێزانەکە بەرەو ئەوروپا کۆچیان کرد، نا سەقامگیری كه‌ركووك ئەوانی ناچار کرد شارەکە جێبێلن، بەڵام بەھۆی نەداری ھەولێریش نەیتوانی ئەم خیزانە لە کوردستان بھێڵێتەوە.

ئەگەرچی پێشمەرگە رووبەرێکی فراوانی لە دەوروبەری كه‌ركووك لە داعش پاک كردووه‌ته‌وه‌ و شارەکە پارێزراوە، بەڵام ھێشتا خەڵکی شارەکە دەیانەوێ شارەکە جێبێڵن، خێزانی محەمەد نمونەی یەکێک لەو خێزانانەی شاری كه‌ركووكە، دوای ئەوەی لە كه‌ركووك دێتە ھەولێر ئێسته‌ ئامادەکاری دەکات بۆ کۆچکردن بەرەو ئەوروپا.

ھاوسەری محەمەد خەریکە دواین خواردن لە کوردستان ئامادە دەکات، کچەکانیشی یارمەتی دەدەن بۆ ھەڵبژاردنی ئەو شمەکانەی پێویستیانە و جانتاکان دەپێچنەوە.

ئەوان بۆ پاراستنی منداڵەکانیان كه‌ركووكیان بەجێ ھێشت بەڵام ھێشتا کچ و کورەکانیان بیری یادگاریەکانی ئەو شارە دەکەن.

نەداری و بێکاری وای لە خێزانە شەش کەسیەکەی محەمەد کرد كه‌ركووك جێبێلن و ئەوانیش وەکو ھەزاران کۆچبەری ديكه‌ رێگای ھاندەران بگرنە بەر، کەس و کارەکەشیان بە ئومێدەوەن بە زووترین کات و بە سەلامەتی بگەنە ئەو شوێنەی ئەوان ئاواتی بۆ دەخوازن.