کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
سەكردەیەكی ديارى داعش لە مووسڵ كوژرا
K24 – ههولێر
(ئەبو محەممەد ئەلعەدنانی) گوتەبێژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كوشتنی (ئەبو موعتەز) یەكێك لە سەركردەكانی ئەو رێكخراوەی پشتراستكردەوە، كە بە (ئەبو موسلیم ئەلتوروكمانی) ناسراوە.
لەلایەن خۆیەوە واشنتن كوژرانی (ئەبو موعتەز) كە ناوی تەواوی (فازڵ ئەبدولڵا ئەلحەیالیی)ە دووپاتكردەوە، ئەویش لە ئەنجامی بۆردومانێكی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بۆ سەر بارەگاكانی داعش لە نزیك موسڵ.
ئەبو موعتەز بەیەكێك لە سەركردە گرنگەكان دادەندرا و لە بازنەی یەكەمی نێو رێكخراوی داعش بووە و كەسێكی نزیك بووە لە ئەبوبەكر بەغدادییەوە ، رۆڵێكی باشیشی ھەبووە بۆ ھەماھەنگیكردنی كارەكانی ئەو رێكخراوە و گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی و چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە نێوان عێراق و سوریا، ئەو دوو وڵاتەی كە رێكخراوی داعش بەشێكی زۆری خاكەكەیانی كۆنترۆڵكردووە.
گوتەبێژەكەی رێكخراوی داعش ئاشكرایكرد، كە (ئەبو موعتەز)، دەستێكی بالای ھەبووە لە كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر ناوبراو لە نێو رێكخراوە جیھادییەكاندا نەبووە بەڵكو ئەفسەر بووە لە نێو سوپای عێراقی و بەشداریكردووە لە جەنگی یەكەم و دوومی كەنداو، ھەروەھا جەنگی دژی ئەمریكا لە ساڵی 2003. ئەبو موعتەز خەڵكی قەزای تەلەعفەری رۆژئاوای مووسڵە و، باوكیشی یەكێكە لە كەسە ناسراوەكانی ئەو ناوچەیە.