شوفێرانى ته‌كسى كرێى زۆر له‌ كۆچبه‌ران وه‌رده‌گرن

كۆچبه‌ران به‌رگه‌ى سه‌رما ناگرن

شوفێرانى ته‌كسى كرێى زۆر له‌ كۆچبه‌ران وه‌رده‌گرن
شوفێرانى ته‌كسى كرێى زۆر له‌ كۆچبه‌ران وه‌رده‌گرن

K24- ژوورى هه‌واڵ

تەكسییەكان لە سەر سنووری نەمسا دەستیان بە گواستنەوەی پەنابەران كردووە، بە گوتەی كۆچبەران، شوفێرانى ته‌كسى كرێیەكی یەكجار زۆر بۆ گواستنەوەی خەڵكەكە وەردەگرن، كۆچبەرانیش بەھۆی سەرما و پاش چەند ڕۆژ چاوەڕوانی بۆ سواربوونی پاسەكانی حكومی، ناچارن ئەم كرێ زۆرە بدەن.

لەسەر سنووری نەمسا ئیدی لەگەڵ پاسەكانی حكومی، ژمارەیەكی زۆر تەكسیش دەبینرێن، ھاتنی پەنابەران دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەم تەكسییانە، سواربوونی تەكسیش رەنگە بۆ زۆر لەو كۆچبەرە ماندوو و سەرمابردووانە، خەونێك بێت، چونكە ھێشتا گەشتەكەیان كۆتایی نەھاتووە و پارە بۆ ئەوان رەنگە وەك ھەناسە گرینگ بێت.

ئەحمەد حارس، يه‌كێكه‌ له‌ كۆچبه‌رانى خەڵكی ئه‌فغانستان و ده‌ڵێت: "زۆر ساردە، رۆژانە ساردتریش دەبێت، خەڵكەكە لە بارودۆخێكی خراپدان، پۆلیس بە ئێمەی گوت، وڵاتە ئەوروپییەكان دەیانەوێت كۆچی پەنابەران بوەستێنن. گوتیان چوار پاس بۆ گواستنەوە ھەن و ئێسته‌ زۆر خەڵك ھەوڵ دەدەن، بەو پارەی خۆیان تەكسی بگرن، نازانم چی روو دەدات".

پۆلیس بە بڵندگۆ كۆچبەران ئاگادار دەكاتەوە كە پاسەكان بەخۆرایین، بەڵام كۆچبەران ئامادە نین چیتر لە سەرمادا چاوەڕێ بن و بۆ كرێی تەكسی لەگەڵ شۆفێران خەریكی مامەڵەن.

چیدی، كۆچبەرى خەڵكی نایجیریايه‌ و ده‌ڵێت: "ئێمە لە گەشتەكەمان بەردەوام دەبین، بەڵام ئەم شۆفێرانەی تەكسی دەیانەوێت، تا بۆیان بكرێت پارە لە پەنابەران وەربگرن، بێنە بەرچاوت، پەنابەرێك بۆ ھەر نەفەرێك لە خێزانی 100 یۆرۆی دا، ئه‌مه‌ش یەكجار زۆرە، ئێمە دەبێت چەند كاتژمێرێكی ديكه‌ چاوەڕێ بین تا پاسى حكومى دێت".

كۆچبەرەكانی سەر ئەم شەقامە زۆربەیان بەنیازن بگەنە ڤییەننا، دوودڵیش ھەم ئەوانەی بە تەكسی دەگەنە ڤییەنا و ھەم ئەوانەی لە چاوەڕوانی پاسدا دەمێننەوە، كۆ دەكاتەوە.