کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
دانيشتوانى گوندێك تهمهنيان درێژهتره
يهكێكه له ناوچه دهگمهنهكانى جيهان
K24- ژوورى ههواڵ
تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی گوندێکی وڵاتى یۆنان لە ھی خەڵکی دیکەی جیھان درێژترە.
گوندی ئاگیۆس دیمیتریۆس، پڕە لە ژن و پیاوی بەساڵاچوو، ئەو گوندە یەکێکە لەو چەند ناوچە دەگمەنەی جیھان کە بە "زۆنی شین" ناسراون و سەرنجی خەڵکی لە ناوچەکانی دیکەی جیھان بەلای خۆیدا رادەکێشێت بەھۆی جیاوازی تەمەنی دانيشتوانييهوه.
گردبوونەوەی ئەو خەڵكە بەتەمەنە لە گۆڕەپانی سەرەكی گوندی ئاگیۆس دیمیتریۆس، دیمەنێكە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، ئەوان پاش خواردنەوەیەك یان دەستێك یاری تاوڵە بو ئەوەی سەرخەوێك بشكێنن، دەگەڕێنەوە ماڵیان.
تەمەنی ئایۆننا پرۆیۆوۆ، 104 ساڵە، بەڵام ھەموو بەیانییەك لە كاتژمێر 5 بۆ كاركردن لەسەر ئامێری ڕستن و چنین ھەڵدەستێتەوە.
ئایۆننا پرۆیۆوۆ دهڵێت: "دایكم دەیویست من ببم بە مامۆستا، له بڕى ئەوە من بوومە ئەو كچەی بەتانی و قوماش دەھۆنێتەوە، من ھێشتاش ئەم كارە دەكەم و ھێشتاش بەھێزم."
ئایۆننا، رووداوی 60 ساڵ پێشی بە بیر دێتەوە، تاكە شتێكیش كە ئازاری دەدات، ئەوەیە ھیچ كام لە 13 خوشك و براكەی لەم گوندە ناژین.
دیمیتریس خرۆسیس 96 ساڵیەتی و تا ساڵى رابردوو ھۆتێلێك و دوكانێكى بەڕێوە دەبرد، تەندروستی باشی خۆی بۆ ژیانی سەخت و خواردنی سەوزە و میوە و ماسی و رۆژانە 2 گلاس بیرە دەگەڕێنێتەوە، بهڵام نھێنییەكی تریشی ھەیە.
دیمیتریس خرۆسیس، دهڵێت: "رۆژانە پرتەقاڵێك و لیمۆیەك دەگوشم و ھەر پاش خواردنەوەی قاوە دەیخۆمەوە".
رێكخراوی كۆمەڵگەی جوگرافی نەتەوەیی لە ئهمهريكا گوندی "ئاگیۆس دیمیتریۆس" لە یۆنان و "لۆما لیندا" لە كالیفۆرنیا و "ئۆكیناوا" لە ژاپۆن و "ساردینیا" لە ئیتاڵیا و "نیكۆیا"ی لە كۆستاریكا بە پێنج زۆنی شینی جیھان ناو بردووە، لەو ناوچانەدا تێكڕای تەمەنی دانیشتوان لە ھی خەلكی ناوچەكانی ديكهى جیھان درێژترە.