ئەسعەد ئیسماعیل
پەیامنێر
له پرێمه‌ر لیگ، یۆرگن كلوب، ملی مۆرینهۆی په‌ڕاند!
یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی ڕاهێنه‌ره ئه‌ڵمانییه‌كه بوو
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی یازده‌یه‌می پرێمه‌ر لیگ، یانه‌ی لیڤه‌رپوول له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی زه‌برێكی كوشنده‌ی له تیپه‌كه‌ی مۆرینهۆدا، ئه‌وه‌نده‌ی تریش برینه‌كانی ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ی قووڵتر كرده‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه (31.10.2015) له یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج، هه‌ردوو یانه‌ی چێڵسی و لیڤه‌رپوول به‌یه‌ك گه‌یشتن، یارییه‌كه‌یش به سه‌ركه‌وتنی تیپی میوان كۆتایی هات.
یۆرگن كلوب، ڕاهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول له دوای 3 یه‌كسانبوون، كۆتایی به چاوه‌ڕوانیه‌كانی هانده‌رانی هێنا و یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌تازه‌كه‌ی له پرێمه‌ر لیگ له دژی یانه‌ی چێڵسی ڕكابه‌ری تۆمار كرد.
یارییه‌كه سه‌ره‌تا به پێشكه‌وتنی جلشینه‌كانی له‌نده‌ن ده‌ستی پێكرد، كاتێك ڕامیرێز، یاریزانی به‌ڕازیلی به لێدانی سه‌ر یانه‌ی چێڵسی به گۆڵێك پێشخست، به‌ڵام دواتر فلیپ كۆتینیۆ، ئه‌ستێره‌ی به‌ڕازیلی ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
له نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌یشدا، كۆتینیۆ جارێكی دیكه هاته‌وه و گۆڵی دووه‌م و پێشكه‌وتنی بۆ یانه‌كه‌ی تۆماركرده‌وه، له خوله‌كی 83ـیش كریستیانۆ بێنتێكی، یاریزانه باڵابه‌رزه‌كه‌ی لیڤه‌رپوول به تۆماركردنی گۆڵێك ئه‌وه‌نده‌ی تر یانه‌كه‌ی مۆرینهۆی بێهیوا كرد، به‌مه‌یش یارییه‌كه‌ی به (1 ـ 3) گۆڵ له به‌رژه‌وه‌ندی ڕیدز كۆتایی هات.
یانه‌ی لیڤه‌رپوول كۆی خاڵه‌كانی بۆ 17 خاڵ به‌رز كرده‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بۆ خانه‌ی هه‌شته‌م هه‌ڵكشا، یانه‌ی چێڵسیش به 11 خاڵ له خانه‌ی پازده‌یه‌م جێماوه، پێشبینی ئه‌وه‌یش ده‌كرێت، چه‌ند خانه‌یه‌كی تریش بۆ خواره‌وه بخزێت.