کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
فڕۆكە جهنگییهكان بارەگای پارتی ئازادی دەكەنە ئامانج
یەزدان پەنا: فڕۆكەكە عێراقییە بەڵام نازانین فڕۆكەوان عێراقییه یان ئێرانی
K24- كەركووك
لە ماوەی ھەفتەیەکدا، سێ جار سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆکەیەکی جهنگییهوه دەکرێتە ئامانج، بۆردومانەکە لە نزیک سەنگەری ھێزەکانی پارتی ئازادی کوردستانی رٍۆژھەڵات بووە، بەڵام لەسەرجەم بۆردومانەکاندا ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
حوسێن یەزدانی پەنا فەرماندەی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژھەڵات، لەمیحوەری ڕۆژئاوای کەرکوک، لە لێدوانێكیدا بۆ (K24) ھۆشداری دەدات و دەڵێ: "دڵنیاین فڕۆكەكه عێراقییە بەڵام نازانین فرۆكەوان عێراقییە یان ئێرانی"، گوتیشی: "لە سنووری ئێمەدا ھەر بۆردومانێک بەبێ ھەماھەنگی بکەن، ئەوە تەقەی لێ دەکەین".
ھێرشی فڕۆكە جهنگییهكان وای كردوە، جیا لەوەی ئێسته ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوا شەڕی داعش دەکەن، بەردەوام چاوێکیانیش لە ئاسمانی ناوچەکەیە.
کەمال کەرکوکی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، بە (K24)ی گوت: "ھێزەكانی عێراق و ھاوپەیمانانیان ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ھاوپەيمانان دەڵێن فڕۆكەكە ھی ئێمە نییە و ھێزەكانی عێراقیش دەڵێن ھی ئێمە نییە".
بۆ تاوتوێكردنی ئەو گرفتە كەمال كەركووكی لەگەڵ فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە كۆبوونەوە و "سەروی خۆشیی" لەوە ئاگادار كردووهتەوە.
بە پێی زانیارییەكانی (K24) مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لەو بابەتە ئاگادار كراوەتەوە.
ھێزەکانی پارتی ئازادی کوردستانی ڕۆژھەڵات، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە شانبەشانی پێشمەرگە، لە سنووری رۆژئاوای كەركووك، بەرگری لە كوردستان دەكەن، تا ئێستهش لە شەڕەكانی دژی داعش لە باشووری كوردستان، ھەشت پێشمەرگەیان شەھید بوون و 21 پێشمەرگەی دیكهش بریندار بوون. بۆردومانی ئەو فڕۆكانەش لەم چەند ھەفتەیە بۆ ئەوان بووهتە جێگای پرسیار و ئەوان گومان دەكەن دەستێكی لە پشتهوه بێ.