کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
رۆژێك دوای ھەڵبژاردن.. تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر پەكەكە دەست پێ کردەوە
ھیچ زیانێكی گیانی رانەگەیەنراوە
K24- ژووری ھەواڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە دەستپێکردەوە، بەوھۆیەوە زیان بە رەزوباخی ژمارەیەك ھاووڵاتی ناوچەكە گەیشتووە.
بە پێی زانیاری پەیامنێرانی (K24) شەوی رابردوو (2.11.2015) بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بناری قەندیل و ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان و چیای گارا و چەند ناوچەیەكی سەر بە قەزای ئامێدیان بۆردومان كردووە.
ئەگەرچی بۆردومانەكانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بووە، بەڵام تا ئێسته زیانە گیانی و ماڵییەكان نەزانراوە و بەرپرسانی ئەو پارتەش ھیچ لێدوانێكی فەرمیان لەسەر زیانەكانی شەوی رابردوو رانەگەیانراوە.
بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر پەكەكەم تەنیا یەك رۆژ دوای بەرێوەچوونی ھەڵبژاردن بوو لە وڵاتەكە، پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ھەڕەشەی ئەوەی کردبوو، دوای ھەڵبژاردن ھێرشەکانیان بۆ سەر پەکەکە دەست پێ دەکەنەوە.