وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى سويد: پێشمه‌رگه‌ بۆ مرۆڤايه‌تى شه‌ڕ ده‌كا

هاوكاريه‌كانمان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى سويد: پێشمه‌رگه‌ بۆ مرۆڤايه‌تى شه‌ڕ ده‌كا
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى سويد: پێشمه‌رگه‌ بۆ مرۆڤايه‌تى شه‌ڕ ده‌كا

K24 – ھەولێر

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید رايده‌گه‌يه‌نێ لە شەڕی دژ به‌داعش، تا سەركەوتن لەگەڵ پێشمەرگە دەبین له‌ هه‌موو رووێكيشه‌وه‌ هاوكاريان ده‌كه‌ين.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ى سويد كۆبوونه‌وه‌يه‌كيان ئه‌نجامدا و تيێدا شانده‌كه‌ى سويد رايده‌گه‌يه‌نێٍ كه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ جیهان و مرۆڤایەتی شەڕ دەكەن و جیهان بەچاوی رێزەوە سەیری پێشمەرگە دەكات، پێويستيشه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى يه‌كڕيزو يه‌ك ده‌نگ بيت بۆ له‌ناوبردنى چه‌كدارانى داعش.

به‌پێى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه ‌رۆژی سێشەممە (3.10.2015) مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی سوید كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو "مارگۆت واڵسترۆم" وەزیری دەرەوەى سويد و "پیتێر هۆڵدڤیست" وەزیری بەرگری سويد.

لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگری سوید ئاماژەی بەوەدا كە بۆ چارەكردنی گرفتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە سەرەتا داعش ریشەكێش بكرێت و لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا هەتا سەركەوتن لەگەڵ پێشمەرگە دەبن و هاریكاری سەربازی و تەندروستی و مەشق و راهێنان پێشكەشی پێشمەرگە دەكەن.

له‌ به‌رانبه‌ردا بارزانى باسى لە مەترسییەكانی تیرۆر كرد كە هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەك و رووبەڕووبوونەوەیشی ئەركی هەموو وڵاتێكە و بۆ چارەسەركردنی تیرۆر پێویستە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بدۆزرێنەوە و نەهێڵدرێن و تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەنجام و دەرهاوێشتەكانی تیرۆر نەكرێت و لە چارەكردنی هۆكارەكانیشدا دەكرێ چارەسەری سیاسی یەكێك بێت لە رێگەكانی رێگەگرتن لە سەرهەڵدانی تیرۆر.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و هەروەها دۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئافرەتان كرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی قووڵتركردنی پێكەوەژیان و بنەماكانی مرۆڤسالاری و پتەوتركردنی دیموكراسی كردەوە.

ئێوارەی دوێنێ هه‌ردوو وه‌زيرانى ده‌ره‌وه‌و به‌رگرى سوید، له‌گه‌ڵ شاندێكی یاوەریان گه‌يشتنه‌ شارى هه‌ولێر، له‌گه‌ل نيچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌مه‌به‌ستى توندوتۆڵكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان كوردستان و سويد كۆبوونه‌وه‌.