نێچيرڤان بارزانى: هەموو لایەكمان سوود لە ئەزموونی چەلەبی وه‌رده‌گرين

پەیامێكی سەرەخۆشی راگەیاند

نێچيرڤان بارزانى: هەموو لایەكمان سوود لە ئەزموونی چەلەبی وه‌رده‌گرين
نێچيرڤان بارزانى: هەموو لایەكمان سوود لە ئەزموونی چەلەبی وه‌رده‌گرين

K24 – ھەولێر

به‌ بۆنه‌ى كۆچى دوايى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، كه‌سايه‌تى ناودارى عێراقى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌يامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رايده‌گه‌يه‌نێ كه‌ "گه‌لى كوردستان دۆستێكى گه‌وره‌ و دڵسۆزى له‌ ده‌ستدا".

بەبۆنەی كۆچی دوایی د. ئەحمەد چەلەبی، سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی سەرەخۆشی راگەیاند و تێيدا سەرەخۆشی لە گەلی عێراق كرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (3.10.2015) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆنه‌ى كۆچى دوايى ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، كه‌سايه‌تى ناودارى عێراق، په‌يامێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كۆپيه‌كى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه‌، تێيدا هاتووه‌: هەواڵی كۆچی دواییی كەسایەتی گەورەی عێراقی و دۆستی خۆشەویستمان د. ئەحمەد چەلەبی، ئێمەی لەناخەوە خەمبار كرد، بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و گەلی خۆشەویستی عێراق و سەركردایەتی كۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و هەموو هاوكارانی لە پەرلەمانی عێراق دەكەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ لەدەستدانی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەی عێراق دەردەبڕین.

بڵاويشكردووه‌ته‌وه‌: گەلی كوردستان هەوڵەكانی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی لەبیر ناكات بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە سنوورداركردنی شەڕ و دروستبوونی ئاشتیدا

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌: "ئەزموونی سیاسی خوالێخۆشبوو د.ئەحمەد چەلەبی، زۆر دەوڵەمەندە بۆ دروستكردنی دیموكراسی و پێگەوەگونجان، هیوادارین هەموو لایەكمان سوود لە ئەزموونه‌كانى وه‌رگرين".

ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، كه‌سايه‌تى ناودارى عێراق، سه‌رۆكى كۆنگره‌ى نيشتمانى كۆچى دوايى كرد.