کەجەکە: ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بۆ ئاکپارتی سەرکەوتن نییە

لەمەودوا شەڕەکە دژوارتر دەکات

کەجەکە: ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بۆ ئاکپارتی سەرکەوتن نییە
کەجەکە: ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بۆ ئاکپارتی سەرکەوتن نییە

K24- ژووری ھەواڵ
ھاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاکپارتی بە دەست بەسەرداگرتنی حکوومەت تۆمەتباری دەکات.
لە بەیاننامه‌یه‌كدا، ھاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ھەڵبژاردنی 1ی تشرینی دووەم بۆ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) سەرکەوتن نییە، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتە، تێشیدا هاتووه‌: "لەمەودوا شەڕی خۆی بەرانبەر بە تەڤگەری ئازادی کورد و ھێزە دیموکراسی خوازەکان دژوارتر دەکات"، قۆناغی دوای 7ی حوزەیرانیش وەک کودەتای سیاسی ناو دەبات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، كه‌جه‌كه‌ ڕه‌تکردنەوەی ھەڵبژاردنی رابردووی تورکیا بە کودەتا دەداتە قەڵەم و دەڵێ: "لە رۆژانی یەکەمدا ھەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیرانی رەتکردەوە و لەبەرانبەر بە ئیرادەی گەلان کودەتایەکی سیاسییان پێشخست، ئەو ئەردۆغانەی کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ دەیگوت پێویستە بە رێزەوە نزیکی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ببین، بە سەپاندنی سەرلەنوێ ھەڵبژاردن، گەلەکەمانی بە زۆری بەرەو ھەڵبژاردنێکی نوێ برد''.
کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا دژی ئاکپارتی ئەوەش دەخاتەروو: "بە حکوومەتە دەستبەسەرداگرتووەکەیدا ھەم ھەوڵ دەدات سیستەمی ھەژمۆنی دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە لە دژی تەڤگەری ئازادی کورد و ھێزە دیموکراسییە خوازەکان شەڕ دژوارتر بکات. بەر لە ھەڵبژاردن راگەیەندرابوو تا مانەوەی یەک گەریلا ئەوا ئەو شەڕە بەردەوام دەکات. ھەر لە دوای ھەڵبژاردنی 1ی تشرینی دووەمیش عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی ئەمەی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ رای گشتی راگەیاند، ئەمە تاکە ماددە و بەرنامەی سیاسی حکومەتی نوێیە. بێ گومان حکومەت دادەمەزرێنێت، بەڵام دامەزراندنی حکومەتی نوێ بە واتای جارەسەری کێشە و گرفتەکانی تورکیا نییە.
بەیاننامەی كەجەكە دوای ئەوە دێت كە رۆژی 1.11.2015 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەرێوەچوو، بە پێی ئەو ئەنجامانەی ئاشكرا كراون، ئاكپارتی رێژەی 49.5%ی دەنگەكانی بەدەست ھێناوە كە دەكاتە 317 كورسی پەرلەمان، بەمەش دەتوانێ بە تەنیا حكوومەت پێك بێنێ.