چیچان ده‌یه‌وێ هاوكاری گەلی كورد بكا

"كورد رۆڵی گرنگی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش"

چیچان ده‌یه‌وێ هاوكاری گەلی كورد بكا
چیچان ده‌یه‌وێ هاوكاری گەلی كورد بكا

K24- مۆسكۆ
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی نیشتیمانی و راگەیاندنی کۆماری چیچان ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ ھاوكاریكردنی گەلی كورد.
جەمبۆلات عومەرۆڤ رایگەیاند كه‌ کەس ئەو مافەی نییە رەشەکوژی بەرانبەر کورد بەکاربھێنێ، ھاوکات حکومەتەکەشیان ئامادەیە ھەماھەنگی و ھاوکاری گەلی کورد بکات لە جەنگ دژی گرووپە توندڕەوەکان.
لە وەڵامی پرسیارێکی په‌یامنێری (K24) دا، وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی نیشتمانی و راگەیاندنی کۆماری چیچان، دژایەتی حکوومەتەکەی بۆ چوونی ھاوڵواتیان بۆ ناو ریزەکانی داعش نیشان دا و ھاوکات نیگەرانییەکانی خۆشیانی لەوبارەوە دەربڕی، گوتیشی: "ئێمەش قوربانی دەستی تیرۆرین، تا ئێستا 1500 زانامان کوژراوە، تەنیا لەبەر ئەوەی راستییان بە خەڵک پیشان داوە".
ھەرچەندە"جەمبۆلات" پێی سەخت بوو قسەیەک دەربارەی کێشە جیاواز و ئاڵۆزەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بکات، بەڵام بۆ کورد بێ دەنگی شکاند و گوتی: "کەس ئەو مافەی نییە کورد بکوژێ و جینۆسایدی بکات، کورد گەلێکی جیاوازە و مافی خۆی ھەیە، مافی پاراستنی کولتووری خۆی ھەیە، من پێم وایە دەبێت پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد پەیوەندیەکی ئینسانی و ئاسایی بێت".
عومه‌رۆڤ، رۆڵی کوردی لەبەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان و مەزنی دیرۆکەکەی بەگرنگدایە قەڵەم، ھاوکات ئامادەیی حکومەتەکەشی بۆ ھاوکاری کردنی گەلی کورد دەربڕی و دەڵێ: من کە لە دەوڵەت کار دەکەم، بە ئەرکی خۆمی دەزانم، شارەزایی گەلی چیچان لە دژی تیرۆریزم بەگەلی کورد بگەێنم، کورد گەلێکی ژیر و خاوەن ئەزموونن، ھەموو کات ئامادەین ھەماھەنگی و ھاوکاریان بکەین.