فلیپ لام لێهاتووترین یاریزان دیاری ده‌كات

هیچ كامێك له‌ ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كانی تێدا نییه‌

فلیپ لام لێهاتووترین یاریزان دیاری ده‌كات
فلیپ لام لێهاتووترین یاریزان دیاری ده‌كات

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

له‌ مێژووی تۆپی پێدا زۆر یاریزانی ئه‌ستێره‌ و ناسراو هه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك باشترین یاریزانی جیهانی ئاماژه‌یان پێ ده‌كرێت، به‌ڵام جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌كه‌ی بایرن میونشن پشت له‌و ئه‌ستێره‌ گه‌ورانه‌ ده‌كات و یاریزانێكی لاو به‌ باشترین یاریزان ده‌زانێت.

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (4.11.2015)، فلیپ لام، یاریزانی دێرینی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیا، له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ری Mirrorـی به‌ریتانیادا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "مه‌سعوود ئۆزێل، یاریزانی یانه‌ی ئارسناڵ زیره‌ك و لێهاتووترین یاریزانه‌ كه‌ من یارییم له‌گه‌ڵ كرد بێت."

لام ده‌شڵێت: "ئۆزێل له‌ یاریگه‌ كاری زۆر زه‌حمه‌ت ئاسان ده‌كات، ئه‌و تۆپه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌."

ئه‌و یاریزانه‌ی یانه‌ی باڤاری ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو كه‌ ئۆزێل باشترین یاریزانه‌ له‌ جیهان له‌ ڕووی ڕێكخستنی هێرشه‌كان و دروستكردنی گۆڵ بۆ هاوڕێیه‌كانی، ئه‌و گوتیشی: "ئه‌وه‌ی گومانی له‌و بۆچوونانه‌ی من هه‌یه‌، با بچێت سه‌یری ئه‌و ئامار و داتایانه‌ بكات كه‌ ئۆزیل به‌هۆی دروستكردنی گۆڵه‌وه‌ تۆماری كردووه‌.

 

مه‌سعوود ئۆزێل و فلیپ لام ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیا یاری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان پێشتر یاری بۆ یانه‌كانی ڤێرده‌ربرێمن، شالكه‌ و ڕیال مه‌دریدیش كردووه‌.