ئه‌ردۆگان داواى هه‌موارى ده‌ستوور ده‌كات

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كان ده‌كه‌ين

ئه‌ردۆگان داواى هه‌موارى ده‌ستوور ده‌كات
ئه‌ردۆگان داواى هه‌موارى ده‌ستوور ده‌كات

K24 - هه‌ولێر

سه‌رۆك كۆمارى توركيا، دواى بردنه‌وه‌ى پارته‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى توركيا، داواى هه‌مواركردنى ده‌ستوورى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات.

ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، ئاكپارتى حكومه‌تى زۆرينه‌ پێكده‌هێنێت و به‌ مه‌به‌ستى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستووريش، راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى پارته‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌ردۆگان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (4.11.2015)، به‌ ئاماده‌بوونى به‌رپرسه‌ باڵاكانى حكومه‌تى توركيا رايگه‌ياندووه‌، ئه‌ولويه‌تى كارى په‌رله‌مانى داهاتووى توركيا، گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور.

پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى توركيا، توانى زۆرينه‌ى ره‌هاى كورسييه‌كانى په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات و وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا، ئه‌و پارته‌ حكومه‌تى زۆرينه‌ پێكبهێنێت.

ئه‌ردۆگان گوتيشى: "به‌ مه‌به‌ستى نووسينه‌وه‌ى ده‌ستوورێكى نوێ، ئه‌حمه‌د داودئۆغلو، سه‌رۆكى حكومه‌ت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ئۆپۆزيسيۆنه‌كان ده‌كات".

له‌ ئه‌گه‌رى شكستهێنانى گفتوگۆ بۆ نووسينه‌وه‌ى ده‌ستوورى نوێ، ئه‌ردۆگان رايگه‌ياندووه له‌ حاڵه‌تێكى وا دا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر راپرسى و راى هاووڵاتييانى توركيا وه‌رده‌گرن.

ئه‌ردۆگان، له‌ رێگاى پارته‌كه‌ى، به‌رده‌وام هه‌وڵى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى توركيايداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك سه‌رۆك كۆمار بتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى راپه‌ڕاندنى هه‌بێت.