ئەحمەد حاجى رەشید: سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ش بۆ به‌غدا بێ ئه‌نجام ده‌بێ

ئەگەر لێدوانى ئاشتى هەورامى راست بێت پێویست ناکات بگەڕێنەوە بۆ بەغدا

ئەحمەد حاجى رەشید: سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ش بۆ به‌غدا بێ ئه‌نجام ده‌بێ
ئەحمەد حاجى رەشید: سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ش بۆ به‌غدا بێ ئه‌نجام ده‌بێ

K24- ژووری هه‌واڵ
بڕیاردەرى لیژنەى دارایی و ئابوورى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رایدەگەیەنێ كه‌ لەو شاندى هەرێمی كوردستان لە رووى هونەرى و ئابووریەوە لەگەڵ حکوموەتى عێراقدا بگاتە هیچ دەرەنجامێک.

 

ئەحمەد حاجى ڕەشید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى و بڕیاردەرى لیژنەى دارایی و ئابوورى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ده‌ڵێ: ”ئەگەر ڕاوەستانى هەناردەکردنى نەوت لەڕێگەى بەندەرى جیهانەوە لەلایەن حکوومەتى ناوەندەوە ڕاست بێت، ئەوا دەگەینە ئەو قەناعەتەى حکوومەتى عێراق دەیەوێ ڕێگرى بکات لەهەناردەکردنى نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە. بەوپێیەى ئەو نەوتەى لە ڕێگەى ئەو بەندەرەوە دەچێتە دەرەوە، نەوتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى کەرکووکە کە بەپێى دەستوورى عێراقیش دەبێت نەوتى کەرکووک لەلایەن هه‌ولێر و بەغداوە ئیدارە بدرێت”.
ناوبراو هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا كه‌ بۆ (باسنیوز)ی داوه‌، ئاماژەى بەوەش دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان لەڕووى هونەرى و ئابووریەوە ناگات به‌ هیچ دەرەنجامێک لەگەڵ حکومەتى عێراقدا.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئەگەر لێدوانى ئاشتى هەورامى، وەزیرى سامانە سروشتییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر داهاتى فرۆشى نەوت و لێدوانى رێباز حەملان لەسەر داهاتى ناوخۆ راست بن، کە من گومانم لەڕاستییان هەیە، ئەوا پێویست ناکات هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئەگەریش هەڵە بێت ئەوا بەرپرسیارییه‌تى شکستهێنانى سیاسەتى نەوتى هەرێم، بە پلەى یەکەم دەکەوێتە ئەستۆى ئەنجومەنى باڵاى نەوت و گازى هەرێمی كوردستانه‌وه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتیی‌ عیراق بۆ ساڵی‌ 2016 و رێكه‌وتننامه‌ی‌ نه‌وتی‌ نێوان هه‌ولێر به‌غدا و بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ و ئابووری‌ له‌ عیراقدا به‌گشتی‌، بڕیاره‌ شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بچێته‌ به‌غدا، بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌كان.