کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
سەرۆكی پاراستنی كانتۆنی جزیر: ھیچ ھێزێك بەناوی پێشمەرگەی رۆژئاوا ناناسین
ھاوپەیمانان پێویستیان بە ھێزێكی زەمینی ھەیە
K24- ژووری ھەواڵ
سەرۆكی دەستەی پاراستنی كانتۆنی جزیر، رایدەگەیەنێ كە ئەوان ھیچ ھێزێك بە ناوی پێشمەرگەی رۆژئاوا ناناسن، گەرانەوەی ئەوانیش بۆ رۆژئاوا لەژێر ئاڵای سووریای دیموكراتی دەبێت.
عەبدولكریم سارۆخان، سەرۆكی دەستەی پاراستنی كانتۆنی جزیر، لهمیانی بهشداریكردنی له ڕووماڵێكی ههواڵی (K24) له شاری قامیشلۆ، رۆژئاوای كوردستانهوه، راگەیاند كە پێش ئێسته ھیچ ھێزێكی سەر بە ئەنەكەسە نەبووە، تاوهكوو ئێسته بگەڕێتەوە ڕۆژئاوای كوردستان، رێگهش بۆ ئەو ھێزە ناكرێتەوە.
سارۆخان ههروهها دهڵێ: "یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ھێزێكن بۆ پاراستنی سووریای دیموكرات، ئازادكردنی ھەرێمی جەزیر ئەركی ئەوانە پێش ھەموو سووریا". ئاماژهش بۆ ئهوه دهكا كە ئەوان ھیچ ھێزێكی رۆژئاوا ناناسن لە باشووری كوردستان بێت، تەنیا ئەو گەنجانە نەبێت كە ئاوارەن و لە كەمپەكان دەژین بۆ مووچە دەبن بە پێشمەرگە.
ئەوەشی خستەروو كە گەلێك ھێز بەشداری لە ئازادكردنی حەسەكە دەكەن، وەك: یەپەگە، یەپەژە، ڤۆلكانا فورات، لیوای بەرەی كورد، سەنادیدە، ئەنجومەنی لەشكری سریانی، شۆرشگێری رەقا (بهبێ هیچ ئاماژهیهك بۆ پێشمهرگهی سووریا) و گوتی: "ھەموو ئەو ھێزانە لە ژێر فەرماندەیی ھێزی سووریای دیموكرات یەك دەگرن.
لە بارەی ئازادكردنی پارێزگهی رەقا، سارۆخان گوتی: "ئێسته ھێزەكانی سووریای دیموكرات، باشووری حەسەكەیان لە چەكدارانی داعش پاككردووهتەوە، پرسی چوونیان بۆ ناو رەقا چاوەرێی فەرمانی فەرماندەیی ھێزی ناوچەكە دەكەن.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ماوەی 10 مانگە پەیوەندی لە نێوان ھێزەكانی ھاوپەیمانان و یەپەگە دا ھەیە، چونكە ھێزەكانی ھاوپەیمانان پێویستیان بە ھێزێكی زەمینی ھەیە، لەبەرئەوەی داعش تەنھا بە ھێرشی ئاسمانی تێك ناشكێ.
ھێزی دیموكراتی سووریا كە لە چەند لایەنێكی جیاواز پێكھاتوون لە 12.10.2015 لە كۆنفرانسیكی رۆژنامەوانیدا، بە فەرمی راگەیاندرا، دەیانەوێت بە یەكگرتنێان بەرانبەر داعش بە ھێزتربن كە ئامانجیان ئازادكردنی خاكی سوریاییە لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش.