دۆخی سیاسی توركیا ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەوانی دروست دەكا

981 كه‌س لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە

دۆخی سیاسی توركیا ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەوانی دروست دەكا
دۆخی سیاسی توركیا ئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەوانی دروست دەكا

K24- ژووری ھەواڵ
شەڕی پەكەكە و توركیا و ململانێی ھەڵبژاردنەكان وای كردوە كە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ھەموو كاتێكی تر،رۆژنامەنووسانی توركیا نارازیبن لە مامەڵەكردنی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی وڵاتەكەیان.

 

بە پێی زانیارییەكانی پەیامنێری (K24) لە ئەستەنبووڵ، رۆژی 6.11.2015 لە توركیا، 26 رۆژنامەنووس كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە چوونەتە بەردەم دادگه‌، پێشتریش بە ھەمان تۆمەت چەندین رۆژنامەنووسی دیكە براونەتە دادگا، بەشكیان لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە و سزادراون.
ئەو رۆژنامەنووسانە زۆربەیان بە تۆمەتی پشتگیری لە تیرۆر سكاڵایان لە دژ تۆماركراوە، ئەوانیش ئەو میدیا كارانەن كە لە دەزگا راگەیاندنەكانی بەرھەڵستكارانی حكومەت كار دەكەن یان نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كە حكومەتی توركیا پێی وایە ئەو رۆژنامەنووسانە مەترسین بۆسەر ئاسایشی وڵاتەكەیان و خزمەت بە تیرۆر دەكەن، لە بەرامبەریشدا زۆر لە رۆژنامەنووس و رۆشنبیران، ئەو ھەنگاوانەی حكومەت بە بەرتەسكردنەوەی ئازادی و رێگری لە كاری رۆژنامەوانی دەدەنە قەڵەم.
کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی تورکیا ئەوە دەخاتەروو: "لە ساڵی 2014 ساڵێکی رەش بوو بۆ رۆژنامەوانان لە وڵاتەكە، تێیدا 981 رۆژنامەوان لە سەرەتای شەش مانگی یەکەم دا لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و 56رۆژنامەوانی دیکەش ناچار کراون دەست لەکار بکێشنەوە؛ هەریەکە لە رۆژنامەکانی حورییەت، جمهورییەت، بگون، زەمان و کەناڵ تورک لە لایەن پۆلیسەوە هەڵیانکوتاوه‌ته‌ سەریان".

 

ھەرچەندە پێشتر یەکێتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا نارازی بوونیان بە حكوومەتی ئەنقەرە راگەیاندووە، بەڵام حكوومەت بە تۆمەتی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و مەترسی تیرۆر لە ناوچەكە، بەردەوامە لە تۆماركردنی سكاڵا دژی رۆژنامەنووسان و رێگریكردن لە كارەكانیان، پێی وایە بەم جۆرە دەتوانێ ئارامی بۆ وڵات بگێرێتەوە، رۆژنامەوانانیش پێیانوایە ئەو قسانەی حكومەت تەنھا بۆ ئەوەیە كە ھەق بدات بە كردەوەكانی كە دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی دەدا.