کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
سیروان بارزانی: چاوەرێی ئازادكردنی مووسڵ دەكەین
رۆژانە چەكداری داعش خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكەن
K24- ژووری ھەواڵ
فەرماندەی میحوەری گوێر رایدەگەیەنێ، بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێردەستی داعش چاوەرێی ئازادكردنی مووسڵ دەكەن.
لە میانەی بەشداریكردنی لە روماڵێكی ھەواڵی (K24) سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێر، رایگەیاند كە ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش، بەڵام لە ئێستەدا چاوەڕێی ئازادكردنی مووسڵ دەكەن، گوتیشی: "ھەركاتێك فەرمان بكرێت ھێزی پێشمەرگە ئامادەن بۆ ھێرشكردن و ئازادكردنەوە، بەڵام سوپای عێراق بڕیاری ئازادكردنەوەی مووسڵ دوادهخهن و ھەر دەڵێن ئەمرۆ نا سبەی".
سیروان بارزانی ئاماژەشی بۆ ئەوەش كرد كه داعش لاواز بووە و وەك پێشتر نەماوە، رۆژانە ھەندێك چەكداری داعش خۆیان رادەستی ھێزی پێشمەرگە دەكەن.
شارۆچكەی گوێر (40كم، باشووری رۆژئاوای ههولێر) لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای مەخمورە، لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ ناوچەكە و دوای دستبهسهرداگرتنی مووسڵ، چەندان جار ھێرشیان كردە سەر گوێر، بۆ چەند رۆژێكیش گوێر كەوتە دەست چەكدارانی داعش، بەڵام زۆری نەخایاند ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی ھێرشە ئاسمانیەكانی ھاوپەیمانان، لە 10.08.2014 گوێر ئازاد كرایەوە.