کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
كۆبوونه‌وه‌ی پێنج لایه‌نه‌كه ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه
كێ شوێنی یوسف محه‌مه‌د ده‌گرێته‌وه؟
K24- ژووری هه‌واڵ
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه هەوڵێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان هەیە و چەند ڕۆژێكی دیكە، كۆبوونەوەی پێنج لایه‌نه‌كه دەست پێ دەكاتەوە.
فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بە له لێدوانێكدا به (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاندوه كه هەوڵێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی تەواوی قەیرانەكانی ئێستەی هەرێمی كوردستان هەیە. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە چەند ڕۆژێكی دیكە، لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، بۆ تاووتوێكردنی بارودۆخەكە، كۆبوونەوەكانیان چڕ دەكەنەوە و كۆبوونەوەی پێنج لایه‌نه‌كه ئەنجام دەدرێته‌وه.
بە گوتەی فەخرەدین قادر، ئێسته پەرلەمانی كوردستان ئیفلیج بووە و دەبێت ئەكتیڤ بكرێتەوە. گوتیشی: "ئەگەر یوسف محەمەد، وازی لە پۆستەكەی هێنا یاخوود نەگەڕایەوە شوێنكاری خۆی، ئەو كاتە دەكرێت ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەنێو پەرلەماندا بە شێوازی دەنگدان، سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرن".
فەخرەدین قادر بە دووری نەزانی، لە ئایندەیەكی نزیكدا یوسف محەمەد بۆ شوێنی كارەكەی خۆی بگەڕێتەوە.
دوای ئه‌وه‌ی له 19ى ئاب، ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعوود بارزانی ته‌واو بوو، هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات (پارتی، گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) 9 كۆبوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر یه‌ك كرد بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه سازان سه‌باره‌ت به‌و پۆسته. له‌و نێوه‌نده‌شدا ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا كه به كۆتاییهاتنى ویلایه‌تى مه‌سعوود بارزانی وه‌كوو سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان، به ماناى "خلو" دانانرێت و سه‌رۆكى هه‌رێم به ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه له پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه"، ئه‌مه‌ش بۆ دروستنه‌بوونی بۆشایی یاسایی، تاوه‌كوو ده‌گاته ئامانج. له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و كۆبوونه‌وانه، خۆپیشاندان له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بۆ مووچه كرا و سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كان له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه ئه‌نجام درابوو چونكه سێ بۆ چوار مانگ بوو بێ مووچه بوون، به‌ڵام دواتر ڕه‌وشی خۆپیشاندانه‌كان گۆڕا و ڕێڕه‌وه‌كه‌ی به‌ره‌و سوتاندنی باره‌گه‌كانی پارتی ڕۆیشت، به‌مه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی پێنج لایه‌نه‌كه كۆتایی هات و پارتی به ته‌واوی ده‌ستی تۆمه‌تی بۆ گۆڕان درێژ كرد و ڕاشیگه‌یاند كه به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌ستی هه‌بووه له پیلانگێڕی له‌سه‌ریان، له تۆڵه‌ی ئه‌وه‌شدا ڕێگه به سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌درا بچێته‌وه هه‌ولێر و سه‌رۆك وه‌زیرانیش داوای له وه‌زیره‌كانی گۆڕان كرد، تا كۆتایی ئه‌م قه‌یرانه، ده‌بێ نه‌چنه‌وه شوێنی كاره‌كانیان. ئێسته‌ش هه‌وڵێكی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.