کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
كۆبوونەوەی "جی 20" لە ئەنتاڵیا ئەنجام دەدرێ
توركیا ئامادەكاری دەكا
K24- ژووری ھەواڵ
كۆبوونەوەی 20 وڵاتانی جیھان لە ئەنتاڵیا بەرێوە دەچێت و توركیا رێوشوێنی ئەمنی توند دەگرێتەبەر.
بڕیارە كۆبوونەوەی لوتەكەی "جی 20" له ناوچهی گهشتیاری بهلهكی شاری ئەنتاڵیا (482 كم، باشووری ئەنقەرەی پایتەخت) بەڕێوە بچێت، كە نوێنەری 20 وڵاتی خاوەن ئابووری بەھێزی جیھانیی بەشداری تێدا بكەن.
كۆبوونەوەی لووتكەی 20 وڵاتی جیھانی لە توركیا كە لە 15.11.2015 ئەنجام دەدرێت، لە كاتێكدایە كە ئێستە بارودۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێ، لە لایەك بەردەوامی شەڕی سوپا و ھێزە ئەمنییەكان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەردەوامە، لە لایەكی دیكە، توركیاش وەك وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بێبەش نییە لەو ئاگرەی رێكخراوی دەوڵەتی ئێسلامی (داعش) خستوویەتییەوە. بە پێی زانیاری میدیاكانی توركیا، لە چەند رۆژی رابردوودا پۆلیسی توركیا 20 گومان لێكراوی بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی داعش لە ئەنتاڵیا دەستگیر كردووە.
ھۆكارێكی دیكەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی توركیا، بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی دووبارەی پەرلەمان بوو لە 1.11.2015 كە تا ئێستە ئەنجامە فەرمییەكانی رانەگەیەنراون و كاریگەری لەسەر لایەنگرانی لایەنە سیاسییەكان ماوە، دوای ھەڵبژاردنیش گۆڕینی سیستەمی وڵاتەكە بووەتە كێشمەكێشی نێوان لایەناكان.
لەگەڵ بوونی ئەو ھەموو بارگرژییەی لە توركیادا ھەن، رۆژی15.11.2015 كۆبوونەوەی لووتكەی "جی20" لە شاری ئەنتاڵیا بەرێوەدەچێت، كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت. بە پێی زانیاری میدیاكانی ئەو وڵاتەش لە 10 تا 17ی مانگ، رێوشوێنی ئەمنی تووند لە ئەنتاڵیا دەگرێتەبەر و ھاتوچۆش ئاسایی نابێت.