یەكەی نیشتەجێبوون دەدرێت بە كەسوكاری شەھیدان

زیاتر لە 8 ھەزارشوقە و خانووه‌

یەكەی نیشتەجێبوون دەدرێت بە كەسوكاری شەھیدان
یەكەی نیشتەجێبوون دەدرێت بە كەسوكاری شەھیدان

K24- ژووری ھەواڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، رایدەگەیەنێ كه‌ زیاتر لە 8 ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە بواری جێبەجێكردندان.


فەرھەنگ سابیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا به‌(K24)ی رایگەیاند كە 8640 یەكەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی كوردستان لە بواری جێبەجێكردن دایە، لە ھەندێك شوێن یەكەكان تەواوكراون، تەنیا خزمەتگوزاری وەك شەقام و كارەبا و ئاو ماوە، ئەوەشی روونكردەوە، زۆر لەو یەكانە چەند ساڵێكە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەھۆی بارودۆخی ئابووری و سەربازی كوردستان و عێراق پرۆژەكان دواكەوتن.
بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، ئاشكراشی كرد كه‌ لە پارێزگای ھەولێر 1780 یەكە و لە پارێزگای سلێمانی 2440 یەكە و لە پارێزگای دھۆك 4400 یەكەی نیشتەجێبوون، لە بواری جێبەجیكردندان.
سەبارەت بە دابەشكردنی خانووەكان بە كەسوكاری شەھیدانی شەڕی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) گوتی: كە پرۆژەكان تەواوبوون ئێمە وەزارەتی شەھیدان ئاگادار دەكەینەوە، ئەوان دەزانن كە ژمارەی شەھیدەكان چەندە و خانووەكانی دیكە دەدرێن بە كام چین و توێژی دیكە.
ھەر لەو بارەوە فواد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەھید و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ (K24) دەڵێت: "لە دوایین كۆبوونەوەی ھاوبەشدا، وەزیری شەھیدان داوای لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردووە، ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بدەن بە وەزارەتی شەھیدان، ھەروەھا داوای لە وەزارەتی شارەوانی كردووە، كە نرخی زەوی لەو شوێنانە بدەن بە وەزارەتی شەھیدان كە یەكەكانی لێ دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی ھەر كەسێك بە یەكەكان رازی نەبوو زەوییان پێ بدرێت.


لەسەرەتای شەڕی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە و كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس شەھید بوون، لە ئێستەدا لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە ھەوڵی ئەوەدان كە یەكەی نیشتەجێ بوون یان زەویان پێ بدرێت.