کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
دوای 5 ساڵ.. كورسییهكانی خوێندنی دكتۆرا كرانهوه
842 داواكار ناویان تۆمار كردووه
K24- ژووری ھەواڵ
دوای 5 ساڵ، جارێكی دیكه، زانكۆی سەڵاحەددین، ژمارەی كورسییەكانی خوێندنی بۆ دكتورا لەم زانكۆیە راگەیاند كە لە كۆی 842 داواكار لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستان، 181 كەس وەرگیراون.
ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین، رایگەیاند كه 12 كۆلێژ بۆ خوێندنی دكتورا ھەیە و كورسییەكانی بۆ سەرجەم زانكۆكانی كوردستانە و كورسی تایبەت بۆ كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە و مەخموور تەرخان كراوە كە 53 كورسی بووە، داواشی لە سەرجەم وەرگیراوان كرد، ئەگەر ناڕەزایەتیان ھەبوو، لە ماوەی یەك ھەفتە سەردانی خوێندنی باڵا بكەن بۆ پركردنەوەی فۆرمی تایبەت، گوتیشی: "ناوی وەرگیراوان و بەشەكانیان لە سایتی زانكۆ بڵاو دەكرێتەوە".
سەرۆكی زانكۆی سەلاحەددین، له لێدوانهیدا بۆ (K24) روونیشی كردەوە، ئەو 50 كورسیەی كە ماوە، ئەوانەن كە داوایان پێشكەش كردووە و لە تاقیكردنەوە دەرنەچوون یا بۆ ئەو زانكۆیانەی دیكەی ھەرێمی كوردستانن، گوتیشی: "ھەندی كەسیش دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان بەڵام كێشەیان ئەوە بووە بە پێی ئەو مەرج و پلانە نەبووە كە وەزارەت داوای كردووە و رایگەیاندوە بۆیە ئێمە دەتوانین یا شوێنیان پربكەینەوە كە وەزارەت قەبووڵی ناكا یان جاریكی دیكە پلان دابنیین و دوبارە بەشدار بن و تاقیكردنەوە بكەن".