کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
ئۆپێک: ئاستی داواكاری نەوت بهرزبووهتهوه
دەگاتە 46 ملیۆن بەرمیل له ڕۆژێكدا
K24 ژووری ھەواڵ
بە پێی پێشبینییەكانی رێکخراوی ئۆپێک ئاستی داواكاری نەوت بەرزبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێ.
عەبدوڵڵا بەدری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک، پێشبینیەكانی لەسەر نرخی نەوت لە پێگەی فەرمی رێكخراوەكەی خستەڕوو كە ناجێگیری نرخی نەوت کاریگەری کردووەتە سەر وەبەرھێنان لەو کەرتەدا، بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە پرۆژەی وەبەرھێنان ھەڵوەشێنراونەتەوە.
گوتیشی: "سەرەڕای دۆخی دژواری بازاری نەوت لە ئێستەدا، پێشبینی دەکەین ئاستی داواکاری لەسەر نەوت بەتایبەتی لە ئاسیا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێ".
عەبدوڵڵا بەدری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2040 داواکاری رۆژانەی نەوت 16 ملیۆن بەرمیل بەرزببێتەوە، بە بەراورد بە ئاستی داواکاری 2015، بەوەش داواکاری گشتی لە ئاسیا بۆ نەوت لە رۆژێکدا دەگاتە 46 ملیۆن بەرمیل.
لەلایەکی دیکەوە، کریستیانا لاگرد سەرۆکی گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند: كە تا چەند ساڵی داھاتوو پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ناکرێت.
ھاوکات رەخنەی ئەوەشی لە وڵاتانی کەنداو گرت کە ئابوورییەکەیان لەسەر بنەمای نەوتە و تەنیا چاوڕێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەن.
ئەمساڵ بەھۆی ناجێگیری و دابەزینی خێرا لە نرخی نەوت، داھاتی ئەو وڵاتانەی داھاتی ساڵنەیان زیاتر لەسەر بەرھەم ھێنانی نەوتە، تووشی قەیرانی دارایی بوون، لە ئێستەشدا چاوەرێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن.