کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
کاتژمێری سفر بۆ ئازادکردنەوەی شنگال داندراوە
ته‌نیا هێزه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان به‌شداری ده‌كه‌ن و داوایان له PKK كردووه به‌شداری نه‌كه‌ن
K24- ژووری هه‌واڵ
ئازادكردنه‌وه‌ی شاری شنگال، سه‌عاتی سفری بۆ دانراوه و ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی سه‌نته‌ری قه‌زاكه، ڕۆیشتوونه‌ته‌وه چیای شنگال، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیش، داوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی PKKیان كردووه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، بۆ جارێكی تر نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی قه‌زای شنگال داده‌نرێ و به‌پێی نه‌خشه‌كه ته‌نیا هێزه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان به‌شداری لەم نەخشەیەدا ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگه‌دار ئاشكرای كردووه، گرتنه‌وه‌ی شنگال له دواساته‌كانی نزیك بووه‌ته‌وه و له كاتژمێری سفردایه، گوتی: ”وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه هێزه‌كانی YPG و YPJی سه‌ر به PKK، به‌شداری له گرتنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌دا بكه‌ن و به‌شێك بن له‌و پلانه‌ی كه بۆ گرتنه‌وه‌ی قه‌زاكه دانراوه، چونكه هاوپه‌یمانان به هێزێكی نیزامی و ڕێكخراویان نازانن و له‌و ده‌ڤه‌ره هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه “.
سه‌رچاوه‌كه ڕاشی گه‌یاند، كه ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی قه‌زاكه، به‌هۆی نزیكبوونه‌وه له ئازادیی شاره‌كه‌یان، هاتوونه‌ته شاخی شنگال و چركه به چركه چاوه‌ڕوانی ئازادی ده‌كه‌ن.
له‌م باره‌یه‌وه قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئێزیدیه‌كان (هێزی ئێزیدخان) له ده‌ڤه‌ری شنگال بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، گرتنه‌وه و ئازادكردنی شنگال له كاتژمێری سفردایه و ئه‌گه‌ر گه‌ریلاكانی PKK نه‌بوونایه، ده‌مێك بوو شنگال ئازاد كرابوو، گوتیشی: ”پلان و به‌رنامه‌ی ئه‌مجاره‌ی شنگال به هیچ شێوه‌یه‌ك باس ناكرێت، ئێستا له سه‌عاتی سفری هێرشكردنداین و ئاماده‌باشیی ته‌واو كراوه و چاوه‌ڕوانی فه‌رمانین“.