کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
میدیا ئێرانییهكان به گرنگییهوه باسی ئازادكردنی شنگال دكهن
جهخت لهسهر كاریگهریی پێشمهرگه دهكهن
K24- ژووری ههواڵ
بەشێکی زۆری میدیاكانی ئێران و جیهان، لە زاری سەرچاوە کوردییەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە هەواڵی ئازاد کردنی شنگالیان بڵاو کردەوە. لە هەواڵەکانیاندا کەنالی کوردستان24یان کردە سەرچاوە و دەڵێن ئازادکردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ئازادکردنی شارەکانی دیکە لەژێر دەستەڵاتی داعش دهڕوا.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، مێهر، ئیسنا و فارس لە ئێران و رادیۆ فەردا، رادیۆ فارسیی فەرەنسا، رادیۆ و تەلەفزیۆنی دوێچەڤیلە، تەلەڤزیۆنی چەند زمانەی ئێرۆ نیوز، بەشی فارسی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئەمریکا، بەشی فارسیی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە و تەلەفزیۆنی فارسیی بی. بی. سی، لە دەرەوەی ئێران، پێشوازییان لە ئازادکردنی شنگال کرد و بەوردی هەواڵەکایان بڵاو کردەوە.
تەلەفزیۆنی ئیرۆ نیوز کە هاوکات بە زمانی فارسی و نۆ زمانی دیکە هەواڵەکانی بڵاو دەکاتەوە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی کەناڵی کوردستان ٢٤، بڵاوی کردەوە:" هێزەکانی کوردستان دوای بەرەنگاربوونەوەیەکی سەخت لە بەرانبەر چەکدارانی داعشداو چوونە ناو شاری شنگال و لە ناوەندی شارەکەدا جێگیر بوون.
رادیۆ فەرەنسا، بە مانشێتی پێشمەرگەکانی کوردستان چوونە ناو شاری شنگال"، بڵاوی کردەوە: کۆنتڕۆڵی تەواوی شنگال لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەتوانێ رێگەی داعش لە عێراقەوە بۆ سوریا دابخات.
ئەلعەرەبییەی فارسی، لە ئەکاونتی تویتەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، رایگەیادند: "داعش تێکشکاوە و لە راکردن دایە".
بی.بی.سی فارسی، بڵاوی کردەوە: پێشمەرگە ئاڵای کوردستانی لە شوێنە جوداکانی شنگالدا بەرز کردەوە و فارس نیوزیش بڵاوی کردەوە؛ مەسعوود بارزانی دەڵێت " شنگال دەبێ ببێتە پارێزگا".
ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بڵاوی کردەوە: شاری شنگال بە تەواوی ئازاد کرا و بارزانی دەڵێ رێگەی ئازادکردنی مووسڵ هەموارکرا.
مانشێتی کورتی "شنگال ئازاد کرا" هەر چەندە کورتە، بەڵام لەو مانشێتانەیە بۆ خەڵکی چاوەڕوان بڵاو دەکرێتەوە و ئاژانسی هەواڵی مێهر دوای ئازاد کردنی شنگال بڵاوی کردووە.