گرنگى شنگال له‌ رووى جوگرافى و ئابوورييه‌وه‌

شاده‌مارى ژيانى داعش بوو

گرنگى شنگال له‌ رووى جوگرافى و ئابوورييه‌وه‌
گرنگى شنگال له‌ رووى جوگرافى و ئابوورييه‌وه‌

K24 – ھەولێر

قەزای شنگال لەرووی جوگرافی و ئابوورییەوە ناوچەیەکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان لەمەودوا دەتوانرێت وەکوو ناوچەیەکی گرنگی ئابووری تەماشا بکرێت و ئەگەرچی پێش داگیركردنی لەلایەن چەكدارانی داعش، لە رابردووش شنگال دووچاری سیاسەتی پشتگوێخستن و بەعەرەبکردن بووه‌ته‌وه‌ لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە.

قەزای شنگال نزیکەی ٣٠٠٠کم دووجایە و كه‌وتووه‌ته‌ پارێزگای مووسڵ و ١٤٥کم لە ناوەندی ئەو شارەوە دوورە.

شنگال و دەشتاییەکانی بەشێکن لەو رووبەرە جوگرافیەی کە پێشتر بە سەبەتەی خۆراکی عێراق ناودەبرا و لەرووی کشتوکاڵيیەوە ناوچەیەکی زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ کشتوکاڵە دێمیەکان نەخاسمە بۆ دانەوێلە.

لەسەردەمی پاشایەتیدا و لەسەردەمی حکوومەتەکەی نوری سەعیددا کە گەڵاڵەی بەنداوی مووسڵ کرا ئامانج لێی بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵیيەکانی قەزاکانی شنگال و تەلعەفەر بوو بەڵام دواتر و لەسەردەمی کۆماریدا دەرکەوت ئەو پرۆژەیە بۆ سوودی چەند گوند و ناوچەیەکی عەرەبین.

لە رووی کانزاییەوە شنگال گرنگی گەورەی ئابووری ھەیە بەتایبەتی لەبوونی نەوت بە کاریگەری نزیکی لە کێلگە نەوتیەکانی عەین زالە و کەسکێ کە یەدەگێکی باشی نەوتیان تێدایە.

جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌و قه‌زايه‌ بەناوبانگە بە بەرھەمی چیمەنتۆ و کارگەی چیمەنتۆی شنگال یەکێکە لە گەورەترین و باشترین کارگەکانی چیمەنتۆ لە تەواوی عێراقدا، بەڵام ژمارەی کرێکار و ھونەرییە شنگالیەکانی ناو ئەو کارگەیە ناگاتە ٢٠%ی کارمەندانی ئەو کارگەیە، ئەوەش بۆ زیاتر پشتگوێخستنی ناوچەکە و بەعەرەبکردنی بووە.

ساڵی ١٩٧٥ حکوومەتی بەغدا زیاتر لە ١٥٠ گوندی چیای شنگال و دەوروبەری وێرانکرد و رایگواستن و بۆ بچوکردنەوەی شنگالیش بەعاج کە ھەڵکەوتووی ٣٥کم لە باشووری شنگالە و پێشتر گوندێکی بچوک بوو چەند خێزانێکی بەدەوی عەرەبی لێدەژیا جیاکردەوە و کردیە قەزا و یەک لەسەر سێی رووبەری قەزای شنگالی دایە قەزا نوێیەکە و دواتریش ناحیەی قەیرەوان لە گوندێکی دیکەی عەرەبنشین دروستکرا.

لە دوای ھاتنی داعشیش بۆ ئەو شارە، شنگال ببوە شادەماری ژیانی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی ژێردەستی لە عێراق چونکە رێگای ستراتیژی ٤٧ی پێدا تێپەڕدەبێت کە شارەکانی مووسڵ و رەققەی ناوەندی داعش پێک دەبەستێتەوە.

بەوەش داعش رێگای سەرەکی و راستەوخۆی نەما لە نێوان مووسڵ و رەققەدا، چونکە ئەو سێ رێگە سەرەکیەی مووسڵ دەگەیەننە سووریا بریتین لە رێگاکانی ١ کە لە دەستی سوپای عێرق دایە و رێگای ٢ بەدەستی پێشمەرگەیە و دواھەمین رێگاش رێگای ٤٧ بوو کە رۆژی پێنجشەممە پێشمەرگە کۆنترۆڵیکرد و بەوەش بە تەواوی گەمارۆی سەر داعش لە مووسڵ توند کرایەوە.