یەزدانپەنا: ئاڵۆزییەكانی خورماتوو دەستی ئێرانی تێدایە

"بۆئەوەی لە سەركەوتنە گەورەكەی پێشمەرگە كەم بكەنەوە"

یەزدانپەنا: ئاڵۆزییەكانی خورماتوو دەستی ئێرانی تێدایە
یەزدانپەنا: ئاڵۆزییەكانی خورماتوو دەستی ئێرانی تێدایە

K24- ژووری ھەواڵ
فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان لە كەركووك رایدەگەیەنێ كه‌ ئاڵۆزییەكانی خورماتوو دەستی ئێرانی لە پشتە.


حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان، لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی ھەواڵەكانی (K24) گوتی: "ھێرش و ئاڵۆزییەكانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو، دەستی ئێرانی لە پشتە".
بە گوتەی یەزدانپەنا، ئەو ھێرشانە لە كاتێكدان، ھێزی پێشمەرگەی كوردستان شنگالی ئازاد كرد و دروستكردنی ئەو ئاڵۆزییانە بۆ ئەوەیە لە گەورەیی ئەو سەركەوتنە كەم بكەنەوە و بۆ ئەوەشە سەنگەرێكی دیكەی شەڕ لە دژی پێشمەرگە بكەنەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە حەشدی شەعبی بەشێكە لە ھێزی "قودس"ی پاسدارانی ئێران.
ئەو گوتانەی فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستان لە كەركووك، لە كاتێكدایە بە ھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو، بە پێی زانیارییەكان نزیكەی 20 كەس شەھیدبوون و زیاتر له‌ 50 كەسیش بریندار بوونە، جگە لەوەی خانووی چەند ماڵە كوردێك سووتان و چەند كەسێكی دیكەش لە لایەن هه‌ردوولاوه‌ دەستبەسەر كران.


بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو شەڕە دوێنێ شه‌ممه‌ (14.11.2015)، لێژنەیەكی باڵا لە ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق، سەردانی خورماتوویان كرد، ھەر بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەری ھەردوولا كۆبوونەوە و گەیشتوونەته‌ رێكەوتن كە دیلەكانی یەكتر ئازاد بكەن و دۆخەكە ئارام بكەنەوە، بەڵام تا ئێستە خورماتوو ھێمن نەبووتەوە.
لە 12.11.2015 لە قەزای خورماتووی (77كم، باكووری كه‌ركووك) شەڕ و ئاڵۆزی كەوتووه‌تە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كە مەترسی زۆری خستووه‌تە سەر ناوچەكە، بە بڕوای حوسێن یەزدانپەنا: "ئەو شەڕوئاڵۆزییە دەستی ئێرانی لە پشتە".