ژاپۆن سێ پرۆژه‌ى هه‌يه‌ بۆ كوردستان

له‌ بوارى خزمه‌تگوزارييه‌

ژاپۆن سێ پرۆژه‌ى هه‌يه‌ بۆ كوردستان
ژاپۆن سێ پرۆژه‌ى هه‌يه‌ بۆ كوردستان

K24 – ھەولێر

باڵوێزى نوێى ژاپۆن رايده‌گه‌يه‌نێ كه‌ لە ناردنی كۆمەك و هاوكارییەكانيان بەردەوام ده‌بن و لە داهاتوویەكی نزیكدا رەوانەی عێراقی دەكات.

رۆژى 16ى تشرينى دووه‌م/نۆڤه‌مبه‌رى 2015، ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكرده‌وه‌ كه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ فۆميۆ ئيوا، باڵيوێزى نوێى ژاپۆن كرد و كۆبوونه‌وه‌يه‌كيان ئه‌نجامدا، تێيدا فۆمێۆ جەختی ئه‌وه‌ كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی ژاپۆن بە چاوی رێزەوە لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، چونكە لە بارودۆخێكی ناهەمواردا توانیویانە سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزن.

هەروەها دووپاتی كردەوە حكوومەتی ژاپۆن لە ناردنی كۆمەك و هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران، ڕەوانەی عێراقی دەكات.

ئاماژەی بەوەشدا كه‌ دوای ئازادی عێراق لە دەستی دیكتاتۆری، حكوومەتی ژاپۆن نزیك بە 7 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان كردووە كە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لە بەشی هەرێم چەند پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكرێن وەك "ئاوی هەڵەبجە و ئاوەڕۆی هەولێر و بەنداوی دێرەلوك" كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەروەها پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی بووژانەوە و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران دەربڕی.

 

له‌به‌رانبه‌ريشدان سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، رايگه‌ياند كە بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ژاپۆن دەكەن و ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بەهێزكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی.