حەمە هاشم
نووسەر
وەزارەتی رۆشنبیری لەکوێ خەوتووە
ھەرچەندە دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری نەخەوێت، بەتایبەتی لە بارێکی وەھادا کە ئێستا سەدان کێشەی میدیایی و رۆشنبیری و گەورە لە ھەرێمدا ھەن، بەڵام بەھیچ جۆرێک من ھەست بە بوونی وەھا وەزارەتێک ناکەم کە بوونی ھەبێت، لە کاتێکدا دەبوایە ئێستا رۆڵی گەورەی بەرەنگاربوونەوەی بگێرایە لە بەرامبەر ئەو ھەموو گۆرانکاری و ئاڵۆزییەی کە دووچاری کورد دەبێتەوە، بەتایبەتی شەری داعش کە کاریگەرترین رووداوە بۆ کورد و رەنگی داوەتەوە لە ھەموو ژێیەکانی ژیانی خەڵک، ئەم وەزارەتە دەبوا گرنگی تەواو بە ھونەری بەرەنگار بوونەوە بدات و سەدان کۆنسێرت و سرودی دەگمەنی بھێنایەتە بەرھەم، سرودی جۆریی زۆر پڕبایەخ کە سیمای نەتەوەیی و نیشتمانی تۆکمەی ھەبوایە، سرودی بەرەنگار بوونەوە و پڕ ووزە، کە بیتوانیایە وورەی پۆڵاینی پێشمەرگە سەدان ئەوەندەی تر بەرز بکاتەوە و رۆحی نیشتمانی و تۆوی توڕەیی دژی دوژمنانی کورد لە ناخماندا بچاندایە، دەبوو ئەم وەزارەتە پشتیوانی و ھاوکاری دەیان شانۆگەری بکردایە و ھونەرمەندانی شێوەکاری ھانبدابا بە پیشانگاو کارە شێوەکارییەکانیان ببونایە بە پێشمەرگە، دەبوو چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری و فیلمی سینەمایی بەرھەم بھێنایە، کە کاریگەرییان ھەبوایەو ئەم کێشانەی بە ئاسانتر بگواستایەتەوە بۆ جیھان، دەبوو لە رووی میدیاییەوە تۆکمەتر و بە ئاگاتر رۆڵی ببوایەو بەری بگرتایە لەو ھەموو رایەڵە و میدیا حیزبییە تایەفی و دینیانەی کە رۆژانە پەیامی نیمچە داعشی بڵاو دەکەنەوە لە رادیۆ و تەلەفزیۆنە لۆکاڵەکان کە ھەر ھەموویان مۆڵەتی پەخشیان لەم وەزارەتە وەرگرتووە، نازانم ئەم وەزارەتە چی دەکات؟ تۆ بڵێی کەسانی پسپۆری ھونەری و دەروونیی ھەبێت کە بەئاگا بن لەم گرفتانە؟ یان تەنانەت ئاگایان لەو ھەموو جنێو و قسە ناشیرینە ناباوانەش نیە کە لەو ھەموو ریکلامە قێزە وونە لۆکاڵیانە بە گوێچکەی نەوەکانمان دا دەدرێت، یان خۆیان پێدەکەنن و بە کۆمیدیای دەزانن کە رۆژانە لە تەلەفزیۆنێکەوە لە رێگای شانۆیەکی بازرگانیەوە ووشەی (وەحشی) و جنێوی نامۆتر دەبەخشرێ، تۆ بڵێی وەزارەتی رۆشنبیری لە کوێ خەوتبێ؟.