مه‌لا به‌ختیار: ئازادكردنه‌وه‌ی شنگال پارسه‌نگی هێزی گۆڕی

لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنەوەی شنگال به‌ هەنگاوێکی گەورە وه‌سف ده‌كات

مه‌لا به‌ختیار: ئازادكردنه‌وه‌ی شنگال پارسه‌نگی هێزی گۆڕی
مه‌لا به‌ختیار: ئازادكردنه‌وه‌ی شنگال پارسه‌نگی هێزی گۆڕی

K24 - هه‌ولێر

لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنەوەی شنگال به‌ هەنگاوێکی گەورە وه‌سف ده‌كات و رایده‌گیه‌نێت سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌، پارسه‌نگی هێزی له‌ناوچه‌كه‌ گۆڕی.

له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی كوردستان له‌گه‌ڵ رووسیا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ئاشكرایكردووه‌، تا ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌وجۆره‌ له‌گه‌ڵ رووسیادا نییه‌.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، لەمیانەی چاوپێكەوتێنیكدا لەگەڵ كەناڵی فرانس-24ی فەرەنسی دەڵێت: "ئازادكردنەوەی قەزای شنگال هەنگاوێكی گەورەی سەربازی بوو لە ناوچەكە و پارسەنگی هێزیشی لە ناوچەكە گۆڕی"، ئاماژەی بەوەش دا كە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە باشە.

سەبارەت بە ئازادكردنی شاری موسڵ، مەلا بەختیار رایگەیاند، كە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەماهەنگی هەیە بۆ ئازادكردنەوەی ئەو شارە.

مه‌لا به‌ختیار جه‌ختی لەسەر ئەوەشكردەوە لەئێستادا هێزی پێشمەرگە خۆی ئامادە دەكات و دەبێت چەكی پێویستی لەبەردەست بێت، هەروەها بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێت هێزی پێشمەرگەو هێزی سوپای عیراق و هاوپەیمانان بەهەماهەنگی پلانی وردی بۆ دابنێن.

 لەبارەی هەماهەنگی نێوان حكومەتی هەرێم و وڵاتی روسیاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ھیچ ھەماھەنگیەك لەنێوان ھەرێم و رووسیادا نیە.

له‌ وه‌ڵامی قه‌یرانی سیاسیی نێوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا گوتی: "كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم هیچ كاریگەرییەكی لەسەر شەڕی تیرۆرستانی داعش نەبووە، چونكە ئێمە هەست دەكەین داعش مەترسییە لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە كەركووك، شەنگال، هەولێر و خانەقین".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، هێزەكانی پێشمەرگە بەهەستی نەتەوەییەوە بەرپرسیارێتی سەربازی خۆیان لەو ناوچانە بەجێهێناوەو توانیویانە لەزۆربەی ناوچەكان پاشەكشە به‌ چه‌كداری ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ بكه‌ن.