عه‌بادی بۆ مه‌ككه‌ین: سوپای عێراق توانای له‌ناوبردنی داعشی هه‌یه‌

عێراق پێویستی به‌ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا نییه‌

عه‌بادی بۆ مه‌ككه‌ین: سوپای عێراق توانای له‌ناوبردنی داعشی هه‌یه‌
عه‌بادی بۆ مه‌ككه‌ین: سوپای عێراق توانای له‌ناوبردنی داعشی هه‌یه‌

K24 - به‌غدا:

له‌ به‌رامبه‌ر داواكه‌ی جۆن مه‌ككه‌ین بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی 20 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌ عێراق و سووریا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌ كاریگه‌ری سوپای وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و رایگه‌یاند كه‌ سوپای عێراق توانای له‌ناوبردنی داعشی هه‌یه‌.

عه‌بادی له‌ وه‌ڵامی پرسیاری لیندس گراهام له‌باره‌ی به‌ زیادكردنی راوێژكار و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گوتویه‌تی: "به‌ڵێ پێویستمان به‌ هاوكاری سه‌ربازی زیاتر هه‌یه‌"، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا بڵاوه‌پێكردنی 10 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكای له‌ عێراق ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ سه‌ردانی جۆن مه‌ككه‌ین و لیندس گراهام، له‌ كۆمیسیۆنی به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا، داوای پێكهێنانی هێزێكی سه‌د هه‌زار سه‌ربازییان كرد، كه‌ زۆربه‌یان له‌ وڵاتانی سوننه‌ مه‌زهه‌بی ناوچه‌كه‌ پێكهاتبن و هاوشانی ئه‌وانیش بیست هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ دژی رێكخراوی داعش بجه‌نگن.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی راگه‌یاندن حه‌یده‌ری عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا هاتووه‌: "جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ سوپای عێراق توانای ته‌واوی هه‌یه‌ بۆ له‌ناوبردنی و داعش و رێكخراوه‌ تاوانكارییه‌ هاوشێوه‌كانی".

له‌ هه‌مان به‌یاننامه‌دا، پێشوازی له‌ بڕیاری زیادكردنی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كات، هه‌ر له‌ ره‌وانه‌ كردنی راوێژكاری سه‌ربازی بۆ مه‌شق و راهێنانی به‌ هێزه‌كانی عێراق و ناردنی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش.

له‌و سه‌ردانه‌یدا، جۆن مه‌ككه‌ین جه‌ختی له‌سه‌ر زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا بۆ 10 هه‌زار سه‌رباز كرده‌وه‌، كه‌ ئێستا ژماره‌یان ته‌نها 3500 سه‌ربازه‌ له‌ عێراق.

هه‌رچه‌نده‌ سوپای عێراق هاوكاری سه‌ربازی زیاتری پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و خاكه‌ زۆره‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ژێر چنگی داعشدا ده‌ربهێنن، له‌ چاو ئه‌واندا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ هاوكارییه‌كی رێژه‌یی سه‌ربازی وڵاتانی ئه‌وروپا، توانیویه‌تی چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ دژی داعش ئه‌نجام بدات و دوایینیشیان ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی شنگاله‌.